رێواز فایەق: دواخستنی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدا نییە

  2024-05-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چڕکردوەتەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: "یەکێتی پێداگری لەوە دەکات کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت و قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان تووشی لاوازی زیاتر نەبێت،بۆیە نابێت رێگە بدەین دەرفەتی هەڵبژاردنمان لەدەست دەربچێت".

د.ڕ‌ێواز فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدیدارێکیدا لەگەڵ  کوردستانی  نوێ  رایگەیاند:" جەختکردنەوەی  یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان لەسەرئەوەی کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت،  پابەندبوونە بەناوەڕ‌ۆکی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوەش مافی گەلی کوردستانە بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ دابمەزرێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، "پێداگریمان پابەندبوونمانە بەبڕ‌یاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەلە کۆبوونەوەی خۆیدا بەکۆی دەنگ بڕ‌یاریدا، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین لەوادەی خۆیدا، ئەگەر هەڵبژاردنیش لەو وادەیەدا نەکرێت وسەرۆکی هەرێم  دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێنا لەکێشاندنەوەی مەرسوومەکەی یان دواخستنی هەڵبژاردن، «بەبڕ‌وای من وەکو کەسێکی یاسایی»، دواخستنی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدا نییە، بەڵکو دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەدەسەڵاتی ئەودایە، ئەگەر ئەوەشبکرێت ئەوا کارێکە لە دەرەوەی خواستی یەکێتی روودەدات، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت".

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردسان جەخت لەوەشدەکاتەوە، "ئێمە پێمانوایە، هەموو رەگەزەکانی بەڕ‌ێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندروست لەهەرێم ئامادەیە، کۆمسیۆن و یاسا هەیەو هێزە سیاسییەکان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن جگە لەپارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام  ئێمە پابەندین بەو بنەما دیموکراسییانەی کە ماف دەدات بەخەڵکی کوردستان هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکات"

باسی لەوەشکردوە، "سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی لەئامادەکاریدان بۆ هەڵبژاردن و لیستی کاندید، بەرنامەی کاری یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، دروشمەکانی یەکێتی، کاروبارە لۆجستی و  تەکنیکییەکان هەروەها  لیژنەکانی سەرپەرشت هەڵمەتی  هەڵبژاردن  لەبازنەکانی  هەڵبژاردنیش دروستکراون، سەرۆکی لیژنەکان و ئەندامانی لیژنەکان، وردکردنەوەی ئەمەش لەناو هەر بازنەیەکدا کراوە لەلایەن مەڵبەند و کۆمیتەکانی یەکێتییەوە"

رێواز فایەق لەکۆتاییدا دەڵێت، "وەک یەکێتی پێمانوایە قۆناغەکە نەگەیشتۆتە کۆتایی و هیوادارین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و ئەو دەرفەتە لەدەستی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دەرنەچێت، چونکە یەکێک لەھۆکارە بنەڕ‌ەتییەکانی لاوازبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان نەکردنی هەڵبژاردن و نەبوونی دامەزراوەی شەرعی و راستەقینەیە لەهەرێمی کوردستان".


ڕیکلام