پارێزەر بەکر حەمەسدیق: وشەییەک نییە بە ناوی راستکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی

  2024-05-01  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزەری سکاڵاکارانی داوای موچەی فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدراڵی رایگەیاند، لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگادا وشەیەکمان نیە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، لە ماددەی 45 باسی هەموار دەکات مەرجی بەکارهێنانی ئەو ماددەیەش پێویستی دەستورییە، بەڵام پابەندی دەستوریی لە پڕۆژەی هەژماری مندا نییە.

بەکر حەمەسدیق،  پارێزەری سکاڵاکارانی داوای مووچەی فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدراڵی بە (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاند، "چ لە یاسای دادبینی شارستانی، چ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگاکەشدا وشەیەک نیە بەناوی ڕاستکردنەوە بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، ماددەی 45کە باسی هەموار دەکات، مەرجی داناوە، ئەویش، یەکەم، دەبێت پێویستی دەستوری هەبێت، دوەم، نابێت دەستکاری مافی بەدەستهاتو بکات، ئەو بڕیارە دۆخێکی یاسایی هێناوەتە پێشەوە کەپێشتر نەبوە، واتە مافی فەرمانبەران کە بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەدەستهاتوە، هەروەها میکانیزمی وەرگرتن و گەیاندنی مافەکەش بە فەرمانبەر، کە هەردوکیان پێشتر نەبوە، بۆیە نابێت ئەو هەموارە دەستکاری ئەو دو خاڵە بکات، کە بە بۆچونی من هەژماری من دەستکاری هەردوکییان دەکات، بۆیە ناکرێت هەموار بکرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ وادەیەکی دانیشتنی دادگا سەبارەت بە هەژماری من رێکنەخراوە، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی هەرێم ناچێت لەڕوە یاساییەکەوە هەوڵی متمانەبەخشین بە هەژماری من بدات، لەوانەیە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم قسەی لەگەڵ ئەو هێزە سیاسیانە کردبێت کە لەپشت ئەندامانی دادگاوە وەستاون، بەڵام مەرج نیە ئەو هەوڵەش ئەنجامی هەبێت."

دەشڵێت، "هیچ مەرجێکی یاسایی بۆ جێکردنەوەی هەژماری من لەتەوتیندا نیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕونە کە باس لە بانکە فیدراڵییەکان دەکات، باسی هج بانکێکی ئەهلی تێدانیە، تەنانەت باسی هیچ بانکێکی هەرێمیشی تێدانیە، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک یەکەم کەس و لایەن کە عەیبدار دەبێت بریتییە لە خودی دادگای فیدراڵی."

باسی لەوەشکرد، "چونکە هیچ میسداقیەتی نامێنێ کە بکەوێتە ژێر کاریگەری سیاسی چەند لایەنێکی سیاسی و هەرێم، بڕواناکەم دادگای فیدراڵیش بە ئاسانی ئەوە بکات، شتی وانیە دادگا بەڕونکردنەوە بڕیاری خۆی بگۆڕێت بەڵام ئەوە کفری یاساییە شتی واش نیە، سەبارەت بەپاشگەزبونەوەش لە بڕیارەکە کە پەیڕەوی ناوخۆ باسی کردوە، کاتێک دەبێت کە بەرژەوەندی دەستوری هەبێت، ئەرێ بەس پێم بڵێن بەرژەوەندی دەستوری لە هەژماری مندا چییە."

 

 

 
 
 


ڕیکلام