رێک لەدوای وتارەکەی مەسعود بارزانی!
30/12/2025
|
676 جار خوێندراوەتەوە
خۆی ڕاستی ئەوەیە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان ، ئەو پۆستە گرنگ و پڕبایەخە نییە، کە کورد لە بەغدا، لەهەوڵی بەدەستهێنانیدا ، خۆی تووشی ئەو تەفرەقە و ناکۆکییە سیاسییە کرد! بەڵام دەرکردنی ئەو پۆستە لە ژێر چاوی و چنگی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ لایەنەکانی تری کوردستان تەنیا شکاندنی پۆرتی پارتییە لە بەغدا، من زۆر دەمێکە وتوومە پێویستە پارتی هەقیقەتێک هەیە لەبەرچاوی بگرێت ئەویش ئەوەیە، پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان، سیاسییانە و برایانە، رێکخاتەوە.
بەڕاستی پارتی ئەبێت ، یەکەم شت پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان باش بکات، پارتی ناتوانێت هیچ ھەنگاوێکی سیاسی لە کوردستان و لە بەغدا بنێت بەبێ دانوستان و پێکەوەیی لەگەڵ یەکێتی و هەر دژایەتییەکیش بکات، لە ئێستا و ئایندە شکست دەھێنێت! ئەم قسەیە رێک پێچەوانەکەشی راستە بۆ یەکێتی! یەکێتیش ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی سیاسی بنێت بەبێ پارتی.
پارتی پێویستە دیقەت بدات، هەر لەدوای ئەو لێدوانەی مەسعود بارزانی ، کە وتی: «پۆستی سەرۆک کۆمار مەرج نییە بۆ یەکێتی و پارتی بێت» ، رێک یەکێتی ئەوەی جێبەجێکرد بەسەر جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و بە پارتی وت: « جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش نابێت تەنیا بۆ یەکێتی و پارتی بێت».
بەداخەوە، دەیان جار بەداخەوە، پارتی تووشی غرور بووە، بەتایبەتی لەدوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و مەسەلەی ریکلامکردن بە یەک ملیۆن دەنگ، بەتایبەتی تریش کاتێک دەزانێت کەرووی دەنگی دەنگدەرەوە یەکێتی ناگات بە ئاستی پارتی، بەڵام ئەبێت پارتی دڵنیابێت لە رووی پێگەی سیاسی لە عیراق و ناوچەکە، ئێستا یەکێتی هاوشانی پارتییە!
با پارتی خۆی هەڵگرێت بۆ جەولەی دووەمی ئەو ناکۆکییە کە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی دەبێت!
|