ئەوەی لە پەڕلەمانی _عێراق_ ڕوویدا، پێویستی بە خۆشێواند نەبوو، جوڵەیەکی سیاسیی ئاسایی بوو لەناو پڕۆسەیەکی سیاسیدا.
هێزی سیاسیی واتە، جوڵەی سیاسیی، هێرشە میدیاییەکان و تەخوین کردن ئاماژەی باش نین بۆ کورد، چونکە خودی ململانێکە لەناو گۆڕەپانی ئەویتردایە. ئاماژەدان بۆئەوەی، ئەو هێزە نوێیە_ڕەوتی هەڵوێست_ دەستی شوێنێکی تری لەپشتە، ئاماژەیەکە ئاگای لە جەوهەری بڕیارەکان نییە و هەمیشە وێنایەکی ئەویتری مەترسیدار، بۆ هەموو جوڵەیەکی سیاسیی پیشان دەدات. بەبێ ئەوەی بە وردی بزانێت بڕیارەکە لە کوێوە دراوە!
ئەو تێگەیشتنەی کە ناوماڵی کورد کۆک نین و بە مەترسیی دەزانێت، تێگەیشتنێکی میدیاییە نەک جەوگەری. کۆی ماڵەکانی ناو ڕووبەری سیاسیی عێراق، چ شیعە، چ سوننە، چ کورد، یەک بلۆک و یەک ئاڕاستە نییە و، ناکۆکبوونێک لە ئارادایە و ئەو ناکۆکبوونەش پەیوەندی بە دیدگای سیاسیی جیاوازەوە گەیە. دیدگای سیاسیی جیاوازیش مەترسی نییە بۆ کۆی پڕۆسەکە. بۆیە ترسان لە ناکۆکبوون، بەواتای کۆتایی هاتن نییە بە هێزی سیاسیی کورد لە ناوەند و مانای پەرتەوازەیش نییە، چونکە هەمیشە ھێڵێک هەیە لە سێبەردا بۆ پاراستنی بەها گەورەکانی کورد لە ناوەند.
ئەگەرچی پێویستبوو کورد بە بلۆکێکی سیاسییەوە لە سەر بنەمای، بەرگریکردن لە خاک، بەرگریکردن لە ئابووری گەرێم، بەرگریکردن لە ئاسایشی هەرێم بچێتە ناوەند، بەڵام هێشتا ئەم پڕۆژەیە کۆدەنگی سیاسیی لەسەر نییە و خەفە بووە.(گەرچی هەوڵی بۆ دراوە.)
جوڵە سیاسییەکەی ڕەوتی هەڵوێست لە پەڕلەمانی _عێراق_ پێویستە وەک هەنگاوێک تەماشا بکرێت، کە کۆمەڵێک گەنج لەناو پڕۆسەی سیاسیدان و هێز و وزەی سیاسیی خۆیان پیشان دەدەن، ئەمە نە واتای تێکدانی ماڵی کوردە، نە دژبوونە بە هەرێم.
هەر هێزێکی سیاسیی لەناو پڕۆسەکەدا مافی خۆیەتی بە ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی خۆی جوڵە بکات. بۆ ئەوەی دیمەنەکە زۆر ڕوونتر بێت، نمونەی یاری _دۆمینە_ دەخەینە ڕوو. (یاری دۆمینە یارییەکی دێرینی کوردە، پەیوەندی بە کشتوکاڵ و ژمارەی بەرهەمهێنانەوە هەیە، یارییەکی ئابووری و سیاسییە. لە ژمارە سفرەوە بۆ ژمارە دوانزەی تێدایە. کۆتایی یارییەکە کۆکردنەوەی بەرهەمە.
کەسی شارەزا کەسی براوەیە، ئیتر شارەزاکە لە کشتوکاڵدابێت یان لە سیاسەتدا، بەرهەمی خۆی دەچنێتەوە. کاتێک یاریزانەکە پولێک دادەبەزێت بۆ ئەوەیە، بزانێت بەرامبەرەکەی پەرچەکرداری چییە و چۆن دەستەکەی خۆی دەخاتە ڕوو.)
کتومت بیرۆکەی کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست لە پەڕلەمانی_عێراق_ لەو یارییەوە وەرگیرابوو. پولێکی دانا. بۆئەوەی بزانێت پەرچەکرداری هێزەکانی بەرامبەری چییە.
پەرچەکردارەکان زۆربوون، فشارەکان زۆربوون. هەوڵیش هەبوو بۆ ئەوەی هەردوو ڕووبەڕووبووەکە کارەکتەرەکەی خۆیان بکشێننەوە و یەکێکی دی بێتە شوێنیان، هەوڵەکە ڕاگیرا، ڕاگیرانەکەشی بەهۆی نەبوونی متمانەوە هەبوو لای هەردوو لا. لە کۆتاییدا وەستان لە شوێنی خۆی لای ڕەوتەکە بوو بە بنەمایەک بۆ چیرۆکێکی تر و لای بەرامبەرەکەشی بە گۆڕینێک دیمەنەکە گۆڕا. بێگومان ئەشێت ئەمە هەنگاوی یەکەم بێت و چەندین چیرۆکی دیکەی لەم جۆرە لە ناوەندا ڕووبدەنەوە.
بۆ هێزە سیاسییەکانیش ئەم جوڵانە ناکرێت دوژمنکارانە لێی بڕوانرێت، بە پێچەوانەوە وەک کوردێک دەبێت تەماشای هەموو هێزە سیاسییەکان بکرێت و ڕووانینەکە بەو ئاڕاستەیەدا نەبرێت یەکتری بخەنە ناو بازنەی ئەویتری دوژمنەوە.
گومانم نییە چیرۆکی تر بەڕێوەیە. ئەو چیرۆکانەی لە پێشمانن دوو مۆدێل سیاسەت پیشان دەدەن. مۆدێلێک سیاسەتی چەسپیو و پڕ لە پڕنسیپ، مۆدێلێک لە سیاسەتی جیاوازی جوڵەدار.
ئەوەی گرنگە ئەم دوو مۆدێلە بە زمانێک ڕووبەڕووی یەکتری نەبنەوە ئیتر ڕێزی تێدانەمێنێت، چونکە ڕێزداری بنەمای خانەدانی کوردە و شکاندنی ئەو بنەمایە، کەسی شکێنەر خۆی پێ لاواز دەکات.
مادام کۆی هێزەکانیش لەسەر بنەمای بڕوابوون بە دیموکراسیەت و ڕکابەری سیمای خۆیان پیشان دەدەن. پێویستە لە جوڵە سیاسییەکانیشدا بەهەمان ئایدیاوە تەماشای بەرامبەرەکانیان بکەن.
هەرچۆنێک بێت دابەزاندی پولی یەکەم بەدەست هێزەکەوە سەرنجڕاکێش بوو، بزانین پولی دووهەم چ بەردێک دەخاتە ناو گۆمەکەوە. هەڵسەنگاندن بۆ جوڵەی داهاتوو پێویستی بە بیرکردنەوەی گەنجانەیە بۆ تێگەیشتن، بۆ ئەوەی ئەم پرسیارە دروست نەبێت: ئەوەچی بوو بۆ وایانکرد؟