تائێستا دیمەشق فەرمانی رەسمیی بۆ پارێزگارە کوردەکەی پارێزگای حەسەکە دەرنەکردووەو پێدەچێت هەوڵبدات خۆی لێ بدزێتەوەو گرفت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دروستبکات.
بۆ ئەم مەبەستەش چەند رۆژێکە بەهاندان و پلانی دیمەشق، هەڵمەتێکی میدیایی و جموجۆڵ و خۆکۆکردنەوەیەکی نائاسایی لەلایەن بەشێک لە هۆزە عەرەبەکانی لەدەوروبەری حەسەکە هەستی پێدەکرێت و بەچەکەوە لەمیدیاکانی سوریا دەردەکەون و قسە لەسەر کوردو پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە دەکەن.
لەوەدەچێت دیمەشق بیەوێت گرفت و گرێ بۆ دامەزراندنی رەسمیی پارێزگاری حەسەکە دروستبکات و یاخود پاشگەزبوبێتەوە لەپێدانی پارێزگار بەکورد، رەنگە بیەوێت ماوەیەکی درێژ بارودۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بۆ ئەم مەبەستە ناڕەزایەتی هۆزە عەرەبەکانی خوار حەسەکە بکاتە بیانوو کەئێستا لەژێر هەژموونی دیمەشقدان.
بەر لەچەند رۆژێک نورەدین عیسا ئەحمەد چووە دیمەشق و لەحەسەکە بەئاهەنگ و شایی وەک پارێزگار پێشوازیی کرا، بەڵام لەراستیدا مەرسومی بۆ دەرنەچووەو تەنها زارەکی پێی گوتراوە تۆ پارێزگاری. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە سەبارەت بەخۆدزینەوەی دیمەشق لەرێککەوتنەکە.
بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دوای شەڕی دیمەشق دژ بەکورد، پێدەچێت دۆخی ئەو وڵاتە بەمزوانە سەقامگیر نەبێت! ترسێکی زۆر هەیە دیمەشق لەبەشێک لەو پەیمانانە پاشگەزببێتەوە کە بەکوردو بەوڵاتانی چاودێریداوە، بەدوورنازانرێت گرژی دیکە دروست ببێت! دەرنەکردنی مەرسومی رەسمیی بۆ پارێزگارە کوردەکەی حەسەکە، ئاماژەیەکی خراپە لەم کاتەدا، بۆیە لەسەردانەکەیدا بۆ دیمەشق و دواتریش بۆ هەولێر (جان نۆیەل بارۆ) وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەسەر پێویستی چەسپاندنی مافەکانی کورد کردەوە لەدەستوری سوریا، چونکە ترس ھەیە دیمەشق پابەند نەبێت بەو رێککەوتنەو لەبیانووە بۆ جێبەجێنەکردنی وەکخۆی.
جگە لەبوونی هەزاران دیل و دەستگیرکراوی داعش کەئێستا لەچەند زیندانەکن لەرۆژئاوای کوردستان، هێشتا دوو بنکەی سەرەکیی ئەمریکا لەسنوری ناوچەکانی ئێستا ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە ماون، هێشتا دیار نییە ئەو دیل و دەستگیرکراوانەی داعش چیان بەسەردێت و کەی دەگوێزرێنەوە، هاوکات بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەمێنن یان دەگوێزرێنەوە، بەڵام بەر لەچەند رۆژێک لەناوچەی شەدادی لەخوار حەسەکە، ئەمریکا بنکەیەکی سەربازیی خۆی لەڕێی فرۆکە بەچەند موشەکێک تەقاندەوە.