وەڵامێک بۆ وەزارەتی کارەبا

عومەر گوڵپی

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان
  09/02/2026  |    574 جار خوێندراوەتەوە
بێجگە گرانکردن و بە بازرگانیکردنی کارەبا، لە پسوڵەکەش فێڵ دەکەن و پارەی زیادە لە خەڵک دەکێشنەوە!
ڕوونکردنەوەکەی ئەمشەوی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: " نرخی کارەبا هەمان نرخە کە بە ڕێگای یاسایی پەسەندکراوە و لە وەقائعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، نرخەکانیش دیاریکراوە بۆ یەک مانگ حساب دەکرێت"، ئەمەی وەزارەتی کارەبا دەیڵێت ڕاستییەکە نییە، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە پێویستە بەکارهێنابی کارەباو نرخەکانی مانگانە ئەژمار بکرێت نەوەک ڕۆژانە، چونکە لە ڕێنماییەکە بە هیچ جۆرێک ئاماژە بە ئەژمارکردنی ڕۆژانە نەکراوە کە هەژارەکان زیانی گەورەی لێدەکەن! بەمجۆرە: 
١- سەرەتا ئێمە دەمانگوت گرانکردنی نرخەکان دەبێتە بارگرانی لەسەر ماڵە داهات مامناوەندو ئاسایی و هەژارەکان، ئەوان وەڵامیان داینەوە کە نەخێر تا (٤٠٠ کیلۆ واتی) یەکەم بە (٧٢) دینار ئەژمار دەکرێت، هەژاریش هەر ئەوەندە خەرج دەکات! دەرکەوت  ئەم وەڵامە ڕاست نییەو بۆ بەلاڕێدابردنی ڕایگشتییە، بەڵام تەنها لە زستانی ساردو هاوینی گەرم ئەم بارگرانی و فێڵە دەردەکەوێت!
ئێستە وەزارەتی کارەبا چاوەڕێ ناکات تا کۆتایی مانگ بزانێت تۆ کەی (٤٠٠ کیلۆ وات) تەواو دەکەیت تا بە (٧٢) دینار ئەژماری بکات، بەڵکو لە ڕۆژێکدا تەنها نزیکەی (١٣ کیلۆ وات) کارەبات پێدەدات بە (٧٢) دینارو لە دوای (١٣) کیلۆ واتەوە دەچێتە (١٠٨) دینارو زیاتریش! لە زستانیشدا ئەم بڕە هەر زۆر کەمەو ئەگەر هەیە ماڵێکی ئاسایی تا نیوەڕۆ ئەو بڕە تەواو بکات، ئیتر بە (١٠٨) دینارو زیاتر باقی کاتەکانی ڕۆژەکەی بەسەر بەرێت! ئەمەش نە لە ڕێنمایی نە لە ڕوونکردنەوەکانی وەزارەت ئاماژەی پێ نەکراوە!
بۆ نمونە:
لەم پسوڵەیە، پارەکە دابەشکراوە بۆ دوو بەش، بەشی یەکەم بۆ مانگی یەکەم و بەشی دووەم بۆ مانگی دووەم بە پێی شیکردنەوەکان، لە هەردوو مانگەکەدا ئاستەکانی یەکەم تەواو نەکراوە کە (٤٠٠ کیلۆ واتە) و نرخی کیلۆیەک بە (٧٢ دینار)ە یەکسەر چوونەتە ئاستی دووەم کە (٤٠١ تا ٨٠٠ کیلۆ وات) ەو نرخ تیایدا (١٠٨ دینار)ە، پاشان بەبێ تەواو کردنی ئاستی دووەم چوونەتە ئاستی سێیەم کە (٨٠١ تا ١٢٠٠) کیلۆ واتەو نرخ تیایدا بە (١٧٥ دینار)ە!
لە بەشی یەکەمدا بە هیچ جۆرێک نابێت نرخی (١٧٥ دینار) ئەژمار بکرێت، کەچی (٢٣ کیلۆ وات)ی بە (١٧٥ دینار) بۆ ئەژمار کراوە، لە بەشی دووەمیشدا بە هەمانشێوە!
چەند دینار لەم پسوڵەیەدا فێڵ کراوە؟
لە بەشی یەکەمدا لە بری (٧١،٦٣١) دینار، بڕی (٧٣،٦٩٩) دینار پارە ئەژمار کراوە، واتە (٢ هەزار) دینار زیاتر وەرگیراوە!
لە بەشی دووەمیشدا لە بری (٣٠،١٢٨) دینار، بڕی (٣٨،١٠٥) دینار پارە ئەژمار کراوە، واتە ( ٧،٩٩٩) دینار زیاتر ئەژمار کراوە!
واتە لە هەردوو بەشەکەیدا بۆ هەردوو مانگەکە ئەم هاووڵاتییە ( ١٠ هەزار) دینار پارەی زیاتر بۆ ئەژمار کراوە! 
٢- ئەمە بێجگە لەوەی  ئێمە ساڵی پارو لە سەرەتای پڕۆژەکە دەمانگوت بە نیازی بڕینی کارەبای هاووڵاتیانن لە کاتی دواکەوتنی پارە، وەڵامیانداینەوە کە ڕاست نییەو ئەوان کارەبا نابڕن، کەچی ئێستە سەدان و بگرە هەزاران هاووڵاتی کە گەولێرو دهۆک کارەبایان لەسەر کوژێنراوەتەوە بەهۆی دواکەوتنی پارەدان، لە کاتێکدا دواکەوتنی پارەی خەڵک بەهۆی گرانی نرخ و دواکەوتنی مووچەو هەژارییەوەیە!
٣- گرانکردنی کارەباو هەموو ئەم ڕێکارانە تەجاوزن لەسەر ژیانی خەڵک و دژی بەرژەەەندی گشیین، لە کاتێکدا  هیچ یاسایەک نییە پاڵپشتی ئەم ڕێکارانە بکات و بەرژەوەندی هاووڵاتیان بپارێزێت و ڕێگە نەدات ستەم لە هاووڵاتی بەتایبەت هاووڵاتی هەژار بکرێت لەو کارەبایەی کە بە غازی خەڵکی کوردستان بەرهەم دێت!
زیاتر