یارییەکەی ترەمپ بە بازاڕی نەوت.. چۆن لە ١٥ خولەکدا ملیۆنان دۆلار قازانج کرا؟!

  25/03/2026  |    629 جار خوێندراوەتەوە

تەنها چەند خولەکێک پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا ڕایبگەیەنێت کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران بۆ پێنج ڕۆژ دوادەخات، سەدان ملیۆن دۆلار لە بازاڕی گرێبەستەکانی نەوتدا وەک گرەو خرانە گەڕ!

بەگوێرەی ئەو داتایانەی ئاشکرا بوون، تەنها نزیکەی ١٥ خولەک پێش پۆستەکەی سەرۆکی ئەمریکا، قەبارەی مامەڵەکان بە شێوەیەکی گوماناوی و ناسروشتی بەرزبووەتەوە. هەر کە پۆستەکەی ترەمپ بڵاوبووەوە، نرخی نەوت بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر و لە ماوەی چەند خولەکێکدا بەڕێژەی ١٤٪ دابەزی. ئەو بازرگانانەی پێشوەختە گرەویان لەسەر ئەم دابەزینە لەناکاوە کردبوو، لە چاوتروکانێکدا قازانجێکی خەیاڵییان خستە گیرفانیانەوە.

ئەم ڕووداوە وایکردووە شرۆڤەکارانی بازاڕە داراییەکان گومان لە قەیرانێکی گەورەی ئەخلاقی و یاسایی بکەن، کە ئەویش "دزەپێکردنی زانیاریی ناوخۆیی" ـە. پێشینەی ڕووداوەکە سەیرترە؛ ترەمپ ڕۆژی شەممەی ڕابردوو هەڕەشەی کردبوو ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گەرووی هورمز نەکرێتەوە، وێستگەکانی کارەبای ئێران بەتەواوی "دەسڕێتەوە". بەمەش ترسی جەنگ نرخی نەوتی فڕاند. بەڵام بەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ڕێک پێش کردنەوەی بازاڕەکان، لەناکاو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی نووسی کە واشنتن "گفتوگۆی زۆر باش و سازندە"ی لەگەڵ تاران هەبووە بۆ چارەسەری کۆتایی. ڕێک لەم کاتەدا، ئەو کەسانەی پێشوەختە زانیارییان لەسەر پۆستەکەی ترەمپ هەبوو، لە گرەوێکی گەورەدا سەدان ملیۆن دۆلاریان بردەوە.

لە بەرامبەر ئەم یارییەدا، حکومەتی ئێران بەپەلە ھەموو جۆرە دانوستان و گفتوگۆیەکی ڕەتکردەوە و بە "ھەواڵی ساختە" ناوی برد. تەنانەت محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند کە ئەمانە "ھەواڵی ساختەن بۆ یاریپێکردن و دەستکاریکردنی بازاڕە داراییەکان و نەوت، بۆ داپۆشینی ئەو زەلکاوەی ئەمریکا و ئیسرائیل تێیدا چەقیون." بەم ڕەتکردنەوەیەی ئێران، جارێکی تر بازاڕەکانی ئاسیا کەمێک بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.

ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەمە یەکەمجار نییە بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تێکەڵی قومار و بازرگانیی بازاڕەکان دەکرێت. لە مانگی یەکی ئەمساڵیشدا، لەسەر پلاتفۆرمی "پلی‌مارکێت"، پێش ئەوەی ھێزەکانی ئەمریکا (نیکۆلاس مادۆرۆ)ی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستگیر بکەن، ڕێژەی قومارکردن لەسەر لادانی مادۆرۆ بە شێوەیەکی شێتانە بەرزبووەوە. سەعاتێک دواتر دەستگیر کرا و ھەژمارێک تەنھا بە دانانی ٣٢ ھەزار دۆلار، زیاتر لە ٤٣٦ ھەزار دۆلار قازانجی کرد!!

ئەوەی لە پشت پەردەی ئەم ڕووداوانەوە دەخوێندرێتەوە حەقیقەتێکی تاڵە: زۆرجار ھەڕەشەکانی جەنگ و موژدەکانی ئاشتی، پێش ئەوەی پەیوەندییان بە چارەسەری کێشەکانی جیھانەوە ھەبێت، پەیوەندییان بە پڕکردنی گیرفانی نوخبەیەکی سیاسی و ئابوورییەوە ھەیە کە جیھانیان کردووەتە گەورەترین مێزی قومار

زیاتر