ئەمە چ تێگەیشتنێکی فیقهی و شەرعییە؟

ئەبوبەکر کاروانی

نووسەر و کاردی یەکگرتوی ئیسلامی
  18/04/2026  |    420 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لەسەرئاستی ھەندێک لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی دەربارەی غەزال ڕۆژھەڵاتی بریندار ڕوویدا، بەداخەوە ئەمڕۆ باسی مزگەوتیشی تێکەڵ بوو، ئەوەش کاتێک رۆژنامە نووس ھونەرئەحمەد ڕایگەیاند، داوا لەچەند مزگەوتێک کراوە بۆئەوەی تەرمی ناوبراوی تێدا بشۆرێت، یەکیان بەبیانووی ئەوەی لەژێر نۆژەنکردنەوەدایەو ئەوانی تریش گوایە بەپاساوی ئەوەی نابێت ورێگە پێدراو نییە تەرمی ئافرەت لەمزگەوتدا بشۆرێت ڕێگەیان نەداوە!

من نازانم ئەوانەی پەیوەندییان  پێوەکراوە کێ بوون، ھیوادارم تەنھا مجێورو فەرمانبەرێکی ئاسایی مزگەوت بووبن و مامۆستای ئاینییان تێدا نەبێت، بەحوکمی ئەوەی ئۆباڵی ڕێگە پێنەدانەکە قورستر دەبێت و ئاماژەکانیشی خراپتر، چونکە ئاماژە بەباڵادەستی عەقڵێکی فیقھیی وشکی داخراوو دابڕاو لە قورئان و ئوسوڵ ومەبەستە باڵاکانی شەریعەت وبنەما ئەخلاقییەکان دەکات.

لەبەرئەوەی قورئان رێگەی بەمرۆڤ داوە لەژێر فشارو ئەشکەنجەی تاقەت پڕوکێندا وشەی کوفری بەدەمدا بێت، مادام(قلبە مگمئن بالایمان)، بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامییش، مرۆڤ لە کاتی برسیەتی زۆر بۆھێناندا، ڕێگەی پێدراوە گۆشتی بەراز بخوات، کە حەرامکراوێکی شەرعییە. ڕێسا بەناوبانگە شەرعییەکەش دەڵێت(الچرورات تبیح المحڤورات) ،واتە ناچاریی بەکاتیی  قەدەغە لەسەر شتە یاساغ کراوەکان ھەڵدەگرێت.

جاپرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە،کاتێک مرۆڤ لەپرسێکی وەکو ئیماندا بۆی ھەبێت بەوجۆرە بجوڵێتەوە کەلەقورئاندا ئاماژەی پێکراوەو باسمان کرد،ھەروەھا شەریعەت خاوەنی ئەوڕێسا گشتییە بێت لەکاتی ناچاریوپێویستیدا و خستمانەڕوو،دەبێت بەچ خوێندنەوەو تێگەیشتن وسەلیقەیەک دەرگای مزگەوت  بەڕووی  شۆردنی تەرمی ئافرەتێکی ماڵ وێران و غەریب بەواتا کۆمەڵایەتیەکەی دابخرێت؟ کەسیش لەوانەی ئەمەیان کردووە پێشنیاری ئەوەنەکات لەماڵی خۆی یاخود شوێنێکی تری جێگرەوە بشۆرێت؟ 

بەداخەوە دیارە پانتاییی قەیرانە ئەخلاقییەکە لەھەندێ روەوە گەورەو فرەلایەنە یەو بەشێ لەناوەندە دینییەکەشی لێ بەدەر نییە؟!

زیاتر