دوای شەهیدبوونی غەزەڵ بەخۆداچوونەوەیەک
18/04/2026
|
419 جار خوێندراوەتەوە
بڕواموایە لەوەتەی سوپای پاسداران موشەک و درۆن بە کوردستان و بارەگای پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دەنێ، ھیچیان وەک ئەو درۆنەی ڕۆژی سێشەممە کە دای لە کەمپی سورداش، بەناو خوێن و دەمار و ئێسکی کورددا نەچووە خوارەوە.
ھێنانی جەستەی برینداری غەزەڵی پێشمەرگە بۆ سلێمانی و کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکانی ئەم شارە لە چارەسەرکردنی، برینێکی قوڵی خستە دڵی زۆر کەسەوە کە چاوەڕوانییەکی زۆر زیاتریان لە باشووری کوردستان ھەبوو.
درزێکی گەورەشی خستەوە ناو یەکبوونە ناسکەکەی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دروستبوو. بەڵام ھەرچۆنبێ تازە ڕووداوەکە کاریگەری خۆی جێھێشت.
بەڵام لە گشتی گرنگتر ئەوەبوو چۆن دەبێ حزبێکی تەمەن نزیک بە پەنجا ساڵی وەک کۆمەڵە کە حزبێکی چەپی ھەمیشە شۆڕشگێڕبووە، بەو ڕادەیە شپرزە و ناڕێکخراوبێ!
کەمپێکی وەک سورداش کە دەیان و سەدان ژن و پیاوی لێ دەژین.. ژن و پیاوانێکیش کە دڕندەترین و تیرۆریستترین دوژمنی وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ھەیە... نەخۆشخانە یان مەڵبەندێکی تەندروستی گەورە و پڕ لە کەرەستەیان نەبێ؟
کچێکی گەنج بە پارچەی موشەک لاشەی ھەڵدڕاوە، یەعنی چی بە سەیارەی شەخسیی لە سورداشەوە بگوازرێتەوە بۆ ناوشاری سلێمانی.. کە نێوانی ئەم دوو شوێنە نزیکی چل کیلۆمەتر دەبێ...کاتێک گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی و لەوێ فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ کراوە!!؟
حزبێک کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری دەوڵەتێکی گەورەیە و لەسەر بنەمای شۆڕشگێڕیی چەکداریی خەبات بکات، چۆن دەبێ خۆی بداتە دەست قەدەر و لە ڕووداو و شڵەژانێکی وەک ئەو بۆردمانە ھەمیشەییانەی ئێران بەمجۆرەی بینیمان بشڵەژێن!
دەبوو کۆمەڵە زۆر لەسەرخۆتر.. ڕێکخراوتر و نادیارتر مامەڵەی لەگەڵ کەیسی شەھیدبوونی پێشمەرگەیەکی خۆیدا بکردایە چونکە دوژمنەکەیان زۆر شادمان و سەرکەوتووە کە حاڵەتێکی ئاوا لە نەیارێکی لەمێژینەی خۆی ببینێ.
دەبوو کۆمەڵە نەک چارەسەری سەرەتایی بەڵکو چارەسەری گەورەیشی ئامادەبوایە بۆ شەھید غەزەڵ و ئەوانەیشی لە داھاتوودا چارەنووسی غەزەڵیان دەبێ. چ لە چارەسەری تەندروستیی چ لە ڕێوشوێنی گواستنەوەی بەبرینداریی و پاشانان ناشتنی دوای شەھیدبوونی.
دەبوو ناوەندێکی گەورەی تەندروستییان ھەبوایە تا نھێنییە حزبیی و پێشمەرگەییانەکانی لە ڕووداوێکی ئاوادا نەکەونە بەردەم دوژمنە دڕندەکەیان و تەنانەت جەماوەرەکەی خۆیشیان.
ئەم نووسینەم بۆ پاساودانی کەمتەرخەمی نەخۆشخانەکانی سلێمانی نییە، بەڵکو پەرۆشیمە بۆ ئەو سەدان ژن و پیاوە شۆڕشگێڕەی ڕۆژھەڵات کە لانیکەم بەشێکی کوردستانی رۆژھەڵات چاوی ئومێدی لەوانە، کەچی ئەوانیش دوای نزیکەی پەنجا ساڵ خەبات، کەچی لە ڕووداوێکی ئاوادا زۆر کرچ وکاڵ دەرکەون.
|