عومه‌ر گوڵپی: هەرجۆرە لێدوانێک كه‌ بڵێن ناتوانین موچەى مانگى 12 دابەش بکەین، درۆیەکى شاخدارە

عومەر گوڵپی

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان
  04/01/2025  |    101 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی موچەی مانگی دوانزەوە!

عومەر گوڵپی- کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆمەڵی دادگەریی:

وەزارەتی دارایی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، لەو ڕاگەیەنراوەدا دەریخست کە نە وەزارەتی دارایی و نە هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە حکومەتەکەی پارتی و یەکێتی نایانەوێت ڕاستیەکان بڵێن و هەمیشە خەریکی چەواشەکاریی ڕایگشتین، من بە زانیاریی وردو بەڵگەوە، ڕاستییەکان دەخەمەڕوو:

بەپێی داتاکانی خۆیان، بەغداد لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، نزیکەی (١٠,٧٥٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دە ترلیۆن و حەوت سەدو پەنجاو دوو ملیار) دیناری بۆ موچە ناردووە بۆ هەرێم، هەرێمی کوردستانیش نزیکەی (٩٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – نۆسەدو شەست ملیار) دیناری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە بەکارهێناوە، واتە (١١,٧١٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یانزە ترلیۆن و حەوت سەدو دوانزە ملیار) دینار بۆ موچە خەرج کراوە، ئەم بڕەش پارەی پێویستە بۆ زیاتر لە دوانزە موچە، چونکە موچە تا مانگی حەوتی ئەمساڵیش پێویستی بە کەمتر لە (٩٦٠ ملیار) دینار هەبوو، بۆیە بە پێی ژمارەو داتاکەی وەزارەتی دارایی موچەی مانگی دوانزەش بە تەواوەتی لەبەردەست هەرێمە!، بەڵام لە دوو خاڵی خوارەوەدا باشتر ڕوونیدەکەمەوە کە هەرێم پارەی بۆ زیاتر لە سێ موچە بەردەستە، بەمجۆرە:

یەکەم/ بەپێی نوسراوی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، ژمارە (٣٠٧٥) لە (٢٨ی ٣ی ٢٠٢٤)، داهاتی هەردوو مانگی یەک و دووی سەرەتای ساڵی (٢٠٢٤)ی هەرێم بریتی بووە لە نزیکەی (٩٠٥) ملیار دینار، واتە بۆ مانگێک نزیکەی (٤٥٣ ملیار) دینار، دواتر گوتیان ئەم نوسراوەمان هەڵە بووەو داهاتی ناوخۆی هەرێم (بەبێ نەوت) مانگانە (٣٢٠ تا ٣٥٠ ملیار) دینارە، کەواتە ئەگەر ئەم ژمارەیەی دواییشان ڕاست بێت (کە زیاترە لەوەش)، ئەوە لە ساڵی (٢٠٢٤)دا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٤,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و دوو سەد ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی هەبووە، لەو بڕەیە کەمتر لە (٤٠٠ ملیار) دینار نێردراوە بۆ بەغدا، مانگانەش خۆیان دەڵێن نزیکەی (١٥٠ ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج دەکەین، واتە نزیکەی (١,٨٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و هەشت سەد ملیار) دینار بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، کەواتە: بەو پارەیەی نێردراوە بۆ بەغداو بەوەشی بۆ خزمەتگوزاریی خەرج کراوە، هەرێمی کوردستان لەو داهاتەی ناوخۆ دەستی کەوتووە (٢,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن) دیناری لەبەردەستە، خۆیان دەڵێن لەو داهاتە نزیکەی (٩٦٠ ملیار) دیناریمان بۆ تەواوکاری موچە بەکارهێناوە، کەواتە هەر بەپێی داهاتی خۆیان (بەبێ نەوت) نزیکەی (١,٠٤٠,٠٠٠,٠٠٠٠,٠٠٠ – یەک ترلیۆن و چل ملیار) دینار داهاتیان زیاترە لە هەموو پێویستی و خەرجییەکان، ئەمەش زیاترە لە پارەی پێویست بۆ موچەی مانگی دوانزە (دیسان دەڵێینەوە بەبێ نەوت)!

دووەم/ ئەوەی سەیرە ئەوەیە، کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن ئێمە بەردەوامین لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەکانی کۆمپانیاکانی نەوت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٣٠٠,٠٠٠ تا ٣٢٠,٠٠٠ بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام وەزارەتی دارایی و هیچ کەس لە حکومەتە تاریکە کاربەڕێکەرەکەی پارتی و یەکێتی باسی ئەم داهاتە ناکات! کە بەمجۆرەیە: بەرمیلێک نەوت بە پاڵاوگەو بە تەنکەر بە نزیکەی نیوەی نرخە جیهانییەکەی لە (٢٠٢٤) فرۆشراوە، کە نزیکەی (٣٠ تا ٣٥ دۆلار) بووە، بەمجۆرە هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠٢٤)دا نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتویەتی، پارەی فرۆشتنی ئەو نەوتەش بریتیە لە (٣,٢٤٠,٠٠٠,٠٠٠ سێ ملیارو دووسەدو چل ملیۆن دۆلار) کە بە دینار دەکاتە (٤,٨٦٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – چوار ترلیۆن و هەشت سەدو شەست ملیار) دینار، کە بە پێی زانیارییەکانی خۆیان نیوەی بۆ کۆمپانیاکان و نیوەی بۆ هەرێمە، کەواتە لە فرۆشتنی نزیکەی (١٠٨ ملیۆن) بەرمیل نەوت، هەرێمی کوردستان (٢,٤٣٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – دوو ترلیۆن و چوارسەدو سی ملیار) دیناری بۆ ماوەتەوە! ئەم پارەیەش بە تەنها بەشی خەرجکردنی زیاتر لە دو مووچە دەکات.

بەمجۆرە لە هەردوو خاڵی یەکەم و دووەمی سەرەوە، واتە لە داهاتی زیادەی ناوخۆو داهاتی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣,٤٧٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ – سێ ترلیۆن و چورسەدو حەفتا ملیار) دیناری لەبەردەستە، کە بەشی خەرجکردنی زیاتر لە سێ موچە دەکات نەوەک تەنها موچەی مانگی دوانزە!

بۆیە هەر جۆرە لێدوانێکی بەرپرسانی گەورەو بچوکی هەرێم کە بڵێن ناتوانین موچەی مانگی (١٢)ی ساڵی (٢٠٢٤) دابەش بکەین، درۆیەکی شاخدارەو نابێت خەڵکی کوردستان لێیان قبوڵ بکات.

زیاتر