"توطين" و "صەفی وەطنی"

  23/02/2025  |    501 جار خوێندراوەتەوە
سەردەمانێک، پێشمەرگەیەک ئەهاتەوە و تەسلیم بە حکومەتی عیراق ئەبۆوە ، سەرەتا، ئەچووە دائیرەی ئەمن و خۆی ئەناساند، کەئەبوو پیاوێکی ڕژێم بیبردایە.
پێشوازییەکی بە ئەفسەرێک لێ ئەکرا و تەواوی پرسیارەکانی لێ ئاڕاستە ئەکران، بەکورتی؛ دایان ئەدۆشی لە زانیاری تەواو، لەسەر هەموو شتێک دەربارەی شۆڕش و پێشمەرگە، لەکۆتایی دا فۆرمێکی پێ ئیمزا ئەکرا، کە هاوکارو موعتەمەدیان بێت، لەهەر هەواڵ و زانیارییەک لەبارەی جموجۆڵ و ئەندامانی ڕێکخستن و پێشمەرگە لەناو شار، پسولەی ڕێگەپێدانی  پێ ئەدرا و ئەخرایە ژێر چاودێری.
ئەو پرۆسەیە ناونرابوو "گەڕانەوە بۆ صەفی وطنی" .
دیارە شۆڕش و پێشمەرگە لەئەدەبییاتیاندا بەصەفی خیانەت و تێکدەران و عوصات ئەدرانە قەڵەم، کەم نەبوون ئەوانەی کە ئەگەڕانەوەو ئەبوون جاشی سووک و جاشی قورس و مەفرەزە خاصە..
دوای بڕیارەکەی دادگای فدراڵی، زاراوەی "توطين"، یان هەندێک وتەنی "تەوتین"، بووە وێردی سەرزمانی زۆرێک و لەناویشیاندا ژمارەیەک پەرلەمانتار..
من تەواو دژی سیاسەتی برسیکردن و سەرپێشۆڕکردن و ملکەچکردنی تاکی کوردم، بەهەمان شێوە و توندتریش دژی دزی و چەتەگەریی و تاڵانکردنی سەرخان و ژێرخانی ئەم کوردو کوردستانەم، کەلەسەر دەستی سیستمی حزبی و حکومی عائیلی چۆتە ئاستێک، برسێتی و هەژاری و بێکاری و نەخۆشی و ناعەدالەتی ڕۆچووە تا سەر ئێسقان، نەهامەتییەکان دەرگای بەهەموو تاک و خێزانێک گرتووەو لە تواناو بەرگەگرتنی خەڵک دا نەماوە، من لەگەڵ هەموو خەبات و بەرهەڵستییەکدام کەبەشێوەیەکی داڕێژراو لەڕووی زانستی و سیاسی و ڕێکخراوەیی وفکری و شەفاف، بەستراتیژو تاکتیکی مەدەنی و یاسایی، ئاڕاستە بکرێت، دوور لەبەکار هێنان و قۆستنەوە بۆ ئەجێندای ئەملاو ئەولا و دەوروبەر.
بەڵام، ئەوەی کە ئەبینرێت، زۆر بێ بەرنامەو کورتکراوە لەهەندێک دروشم وداوای بێ پێزدا بەڕێوە ئەچێت.. لەتەوطين تەوطین زیاتر نییە..!
کام تەوطین؟
تەوطینێک کەبەرەو خواستە گوماناوییەکانی بەغدایەکی تائیفی بێت، کە داهات و بەڕێوەبردنەکەی حکومەتێکی قووڵی سێبەری تەواو ئێرانی ئەنجامی ئەدات؟
سیستمی حزبگەلێکی ئایینی کە لەئاست قۆناغەکە دا نییەو نەبڕوای بەدیموکراسی هەیەو نە بەسیستمی فدراڵی ونەبەمافەکانی گەلی کورد لەعیراق؟
ئایا؛ 
خەڵکی کوردستان لە صەفی وەطەنیدان، یان حکومەتی بەغداو دامەزراوە تائیفیە ئێرانییەکانی؟
ئەوەی ئەگوزەرێت؛ 
خەباتێکی چینایەتی و پیشەیی ناڕێکخراوە بۆ توێژی مامۆستایان لەناو چینی مووچەخۆرانی دەوڵەتییدا..
هەر بۆیە پێشوازیی جەماوەریی لەو جوڵەیە لە بازنەیەکی تەسکدایەو هەردوو حزبی دەسەڵاتیش بێباکن لێیان! 
ئەو تەوطینەش پێویستە ئەوسەری لێک بدرێتەوە، چونکە ئومێد هەڵچنین و بەخشینی هیوا بەخەڵکی کوردستان بەرپرسیارییەتییەکی قورسە. 
مووچەخۆران، کارمەندی دەوڵەتیین لە هەرێمێکی فدراڵیدا، نەوەک لەدەرەوەی دەوڵەت و حکومەتێکی بیانی، سەرباری ناڕازیبوونمان لە سەروبەری ئەم 9 کابینەیەش. 
مامۆستایانی بەڕێز.. 
ئێوە تەنها پێویستیتان "مووچە" نییە، هەرچەند ئەولەویاتەو مافێکی سروشتی ویاساییتانە بەرامبەر کارێک کەبۆ دەوڵەتی ئەکەن. 
لێتان ئەپرسم؛ 
ئێوە پێویستیتان بەبودجەو خزمەتگوزاری و دادگای دادپەروەر و سەربەخۆ نییە؟ 
پێویستیتان بەشەقام و دایەنگە و زانکۆی حکومی و نەخۆشخانەی نیشتمانیی و خۆڕایی و خانووی نیشتەجێبوون و گەرەنتی ژیانی مناڵ و نەوەکانتان نییە؟ 
ئێوە پێویستیتان بەکەمکردنەوەی باج و کرێی خزمەتگوزارییەکان و قەزری بانکی حکومیی و پاڵپشتی دارایی دەوڵەت نییە بۆ خۆشکردنی ژیانی خۆتان وخانەوادەکانتان بە ئارامیی؟ 
ئێوە پێویستیتان بەدڵنیایی کارکردن نییە بۆ نەوەکانتان و خوێندکارەکانتان؟ 
ئێوە پێویستییەکانی ژیانتان زۆر لەو تەوطینە گەورەترن.. 
ئێمە چاومان لەوە بوو کە پێشڕەوایەتی خەباتی مەدەنیانەو دیموکراسییانەی میللەتێک بکەن بەئاڕاستەی گۆڕانکاری، بەرەو حکومەتێکی نیشتمانی دوور لە عەسکەرتاریەت ودەسەڵاتی عائیلی و میلیشیایی، حکومەتێک، حکومەتی خەڵک بێت، کەئێستە پارێزەری بەرژەوەندی کۆمپانیا حزبی و جیهانییە زەبەلاحەکانن،  سامانی وڵات بەرەو دەرەوەی سنوورەکان ئەبەن و نەهامەتیەکان خەست ئەکەنەوە لەسەر هاونیشتمانییان. 
ئەوەی ئێستە ئەیبینین، بچوککردنەوەی ئەم هەموو ناعەدالەتییانەی ژیانی کۆمەڵگەیە لە دروشمی تەوطینێک، کەلای شۆڤێنییەکان لەعیراق "کلمةحق يراد بها الباطل" ، نامەوێت بچمە قوڵایی مەترسییەکانی پشت ئەو پرۆسەیە، کەلای من وەک ئابووریناس و چالاکێکی سیاسەت زۆر ڕوونە، نەوەک بخرێینە خانەی پیاوانی سەر بەدەسەڵات. 
بەبڕوای ئێمە، پرسی "توطين" دڵۆپێکە لەدەریای ئامانجە نیشتمانییەکانی تاک و کۆمەڵگای کوردستانیی و عیراقی، بەڵام بەشێوازێکی یاسایی و دەستووریی، کەماف و کەرامەتی تاک و کۆمەڵگەی کوردستانیی و بنەماکانی هەرێمێکی فدراڵیی دەستووریی، تێیدا پارێزراوبێت.
زیاتر