ئەکتەری دژە کورد!

  05/04/2025  |    162 جار خوێندراوەتەوە
هاتنی ئەکتەرێکی تورک بۆ هەولێر هەڵای لێکەوتووەتەوە، سەرچاوەی هەڵاکەش ئەوەیە گوایە پشتگیری داگیرکردنی عەفرین ی کردووەو ئێستا لێرە پێشوازی لێدەکرێت.

گەر لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر، لەگەڵ کەرتی گەشتیاری و بازرگانیدا بکەین، ئەوا دووچاری تەنگ و چەڵەمەی گەورە دەبین، بەڵام گەر فراوانتر لەمەسەلەکان بڕوانین جۆرێکی ترە.

عەرەب، تورک و فارس بەدرێژایی مێژوو لە کێشەدا بوون لەگەڵ کورد، کەمینەیەکی رۆشنبیریشیان نەبێ یاخود ئەوانیتریان گەر دەریشی نەبڕن، دژایەتی کورد لە نەستیاندا ڕەگی داکوتاوە، بەڵام تاکی کورد دەتوانێت بایکۆتیان بکات، لەکاتێکدا دەوروبەرمان بەوان گەمارۆ دراوە؟ بێگومان نەخێر…

گەر لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە لەمەسەلەکان بڕوانین، ئەو هەموو کاڵاو شمەکەی لە بازاڕەکانی هەرێم دا ساغ دەکرێتەوە، سودەکەی دەڕواتە گیرفانی ئەوانەوە کە ئێمە بە دژە کورد لێیان دەڕوانین.

گەر لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە لە مەسەلەکان بڕوانین، ئەو هەموو گەشتیارە عەرەب و فارس و تورکەی بۆ گەشتیاری ڕوو لەهەرێم دەکەن و فاکتەرێکی بوژاندنەوەی بازاڕەکانن، بەشێکی زۆریان کوردیان خۆش ناوێت.

بەڵام ئایا دژایەتی و ڕێگری کردن لێیان گرنگە، یاخود بەکارهێنانیان بۆ کەرتی ئابووری ، یان بەکارهێنانیان بۆ پڕوپاگەندەو ڕاکێشانی خەڵکی دەرەکی زیاتر بۆ ڕوو کردنە هەرێم، بێگومان بەکارهێنانیان ڕێگە دروستەکەیە.

ئەکتەری تورک گەر دژی عەفرینیش بووبێت کە ئەمە لە نەستی زۆر تورکدا ڕەگی داکوتاوە حاڵەتێکی نا ئاسایی نییە، هەروەک چۆن هێنانیشی هەڵەی گەورە نییە، بۆ؟

گەر بڕیار بێت هاتنەکەی عەیبەی تێدا بێت ئەوا بۆ خودی ئەکتەرەکە عەیبە کە دژایەتی کوردی کردووەو ئێستا بۆ لای کورد هاتووە، بەڵام گەر لە دیوی هەرێمەوە هاتنەکەی تەوزیف بکرێ، ڕەنگە ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوەی ئەکتەرەکەو گۆڕینی بیروڕای و دواجار گۆڕینی گوتاریشی بە ئاراستەی پێچەوانە.

وڵاتانی عەرەبی ئەو هەموو ئەکتەرو کەسایەتی  یانە دەبە وڵاتەکانیان  لە بێ ئاگایی نییە،  بەڵکو بە پلانەو بۆ واڵاکردنی دەرگای وڵاتەکانیانە بەڕووی دونیای دەرەوە. 
بریا دەسەڵاتی کوردی ئەوەندە ژیر بایە، هەر ئەکتەرو نوسەرو کەسایەتییەک دژایەتی کوردی کردبا، بیانهێنایەتە سلێمانی و هەولێرو ڕایان بگۆڕییایەو بەکاریان بهێنایە، چونکە ئەمە ڕێگە دروستەکەیە.

بەهەزاران کۆچبەری کورد لە ئەوروپاو ئەمەریکایە، لەوێ سەرپێچی دەکەن و لێیان دەدەن، ئیش و بازاڕو  شوێنە گەشتیارییەکانیان بەشەڕو ئاژاوە لێ تاڵ دەکەن، ڕەنگە هەر هێندەی هاتنی ئەم ئەکتەرە بووبێتە مایەی کێشە!

خۆ گەر  هێندە بیر تەسکانە لە دونیا بڕوانین و کەسێک قسەیەکی بەرامبەر کورد کرد، بڵێین نابێت بێتە هەرێم، ئەوکات نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری و پيشکەوتنیش بکەین. 

هاوڵاتیانی هەرێم ڕۆژ تا ئێوارە نەفرەت لە تورک، فارس و عەرەب دەکەن، بەڵام ڕۆژانە بەهەزارەها نەخۆش و گەشتیارمان ڕوو لە وڵاتەکانیان دەکەن بۆ ئیش و کاری جۆراو جۆر، بۆیە ململانێی نەتەوەیی جیاوازە لە بەرژەوەندی گشتی
زیاتر