ساڵی 1969 مەلا مستەفا داوای لە ئەمریکا کرد دژی عێراق، کوردستان بکرێتە ویلایەتی 51ـی ئەمریکا

  30/05/2025  |    1818 جار خوێندراوەتەوە
بەر لە شکستی کورد لە ١٩٧٥، مەلا مستەفای بارزانی نامەیەک بۆ سەرۆکی ئەمریکا دەنێرێت و داوای یارمەتیی لێ دەکات دژ بە عێراق. بارزانی لە دیداری لەگەڵ چەند بەرپرسێکی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشنیاز دەکات <<کوردستان ببێتە ویلایەتی پەنجا و یەکەمینی ئەمریکا.>>
لە نامەکەیدا کە ئیمزای مەلا مستەفای لەسەرە و رۆژی ٢٢ی نیسانی ١٩٦٩ بۆ سەرۆک نیکسن نێردراوە، داوای بەزەییپێداهاتنەوەی ئەمریکا دەکا و داوای یارمەتیی دەکات. 
لەو کاتدا، وەک دۆکیومێنتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێ دەکات، ئیسرائیل بە چەک و ئێران بە خواردەمەنی هاوکاریی مەلا مستەفایان کردوە.
دواتر بینیمان هەمو ئەو پشتبەستنەی مەلا مستەفای بارزانی بە ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا، بو بە کارەساتێکی گەورە بۆ گەلی کوردستان چونکە پشتبەستن بە دەرەوە ئەنجامەکەی هەر شکستە.
 سیاسەتی حەکیمانە ئەوەیە کە دەرفەتی ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە بیقۆزیتەوە نەک وەک ئێستا دژ بە عێراق کاربکەیت لە کاتێکدا عێراقی دوای ٢٠٠٣ باشترین عێراقێکە لە دامەزراندنی عێراقەوە لەڕوی پێکەوەژیانی نێوان کورد و عەرەب کە کورد خۆی بونیادنەرەوەی ئەو عێراقەیە. هەوڵدان بۆ سزادانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، بەر لەوەی عێراقییەکان زیانیان پێ بگات کورد زیانی پێ دەگات. بۆ هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەگەر بشبێتە دەوڵەت و ئەو خەیاڵە بێتە دی، هێشتاش عێراق باشترین دەرفەتە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ئەو دۆخەی دیسان دروستبوە لەنێوان بەغداد و هەولێر، پێویستی بە چارەسەرییەکی بنەڕەتییە کە پێناچێ پارتی ئەو ویستەی هەبێ ئەگەرنا پارتی لە توانای دایە لەبری شەڕفرۆشتن بە بەغداد، هەوڵبدات عێراق دۆست بێ. ئەوەی پارتی بۆ تورکیای دەکات، سەدا دەی ئەمە بۆ عێراق بکا بڕواناکەم عێراق بەو جۆرە بێ. 
ئیشی کورد هەر ئەوە نییە دۆستی عێراق بێ، بەڵکو بەر لەوەی ئیشی بەسرایییەک بی هەوڵ بۆ دیموکراسیبون و سەروەریی عێراق بکا، دەبێ کورد هەوڵبدا چونکە عێراقێکی نادیموکرات بەر لە هەر تائیفە و نەتەوە و گروپێک، کورد دەبێتە قوربانی وەک مێژو پیشانی داوە.
ئەو سیاسەتەی هەیە لەنێوان بەغداد و هەولێر، هی کوردستان نییە، هی پارتییە. ئەو سیاسەتە شکستخواردو بوە و پێویستی بە گۆڕانە نەک خۆدوبارەکردنەوە. لوتکەی شکستی ئەو سیاسەتە ریفراندۆم بو. خەڵک پێویستی بە ژیانێکی باشە لە عێراقێکی دیموکراتیکدا کە کورد دەتوانێ هاوکار بێ بۆ ئەو عێراقە دیموکراتە، نەک بە هۆی ئیگۆ و خەیاڵ و بەرژەوەندییەکانی گروپ و کەسانێکەوە ببێتە قوربانی. 
ئەمریکا ئیمپراتۆریەتێکی مەزنە. هیچ نەتەوەیەک ناکاتە قوربانی ئەویتر. بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا سیاسەتیان هەڵدەسوڕێنن. لە راستیدا، ئەمریکا زۆرجار لەسەر ململانێکانی دەوڵەت و نەتەوە و گروپەکانی تر بەرژەوەندییەکانی خۆی پێشدەخا. ئەمریکا لەنێوان قەتەر و سعودیە و تورکیا، هیچیان هەڵنابژێرێ بەڵکو هەمویان دژ بە یەک بەکاردێنێ. ئەوە ئەخلاقی ئیمپراتۆرییەتە. ئەمریکا لەنێوان هەولێر و بەغداد هیچیان هەڵنابژێرێ، بەرژەوەندییەکانی هەڵدەبژێرێ کە لەگەڵ هەردولا دایە.
زیاتر