بەغدا تاوتوێی دروستكردنی "وەزارەتی ئاسایشی فیدڕاڵی" دەکات بۆ کۆکردنەوەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە تیایدا

  14   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی "العربي الجدید" دەڵێت، زانیاریی لە سەرچاوەکانی حکومەتی عێراق دەستكەوتووە، كە سەرکردە ئەمنی و سەربازی و سیاسی و حکومییەکان تاوتوێی پڕۆژەیەکی سەرەنج راكێش دەكەن بۆ دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ کە بە "وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی" ناسراوە، ئەم وەزارەتە هەموو ئەو یەكەو ناونیشانە چەکدارانە دەگرێتەوە کە لەناو هێزە چەکدارە بنەڕەتییەكاندا (سوپا و پۆلیس)دا نین، لەسەروشیانەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكان.

ئەم پڕۆژە عێراقییە، لە ڕێگەیەوە حکومەتی عەلی زەیدی هەوڵدەدات فشارەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا كۆتایی پێبهێنێت سەبارەت بە پرسی كۆكردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، لە هەمان کاتیشدا خۆی لە پێکدادان لەگەڵ ئەو لایەنانە بەدوور دەگرێت کە هەر هەوڵێک بۆ داماڵینی چەک بە زۆر رەتدەکەنەوە، تا ئێستا ئەنجامەكان نادیارە، بەشێک لە گرووپە سیاسییە شیعەکان پاڵپشتی دەكەن و هەندێکی دیکەشیان سەرنجیان هەیە لەسەری.

بەگوێرەی سێ سەرچاوەی عێراقی کە لەگەڵ رۆژنامەكە قسەیان کردووە، پڕۆژە پێشنیاز کراوەکە تەنیا لە دامەزراندنی وەزارەتێکدا سنوردار نییە کە سیمایەکی کارگێڕی یان رێکخراوەیی هەبێت، بەڵکو ئامانجی دروستکردنی پێکهاتەیەکی ئەمنییە کە دەسەڵاتی دیاریکراوی هەبێت، ئەم پێکهاتەیه هێزی پێشمەرگەی کوردی و هێزەكانی حەشدی شەعبی  و فیرقەی دەستێوەدانی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی له خۆدەگرێت، له ژێر ناونیشانی کۆتاییهێنان بە فرەیی هێزە ئەمنییەکان که لە دوای ساڵی 2003وە سەریهەڵداوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئەم ئاڕاستەیە لە نێو چەند پێشنیازێکەوە هاتووە وەک چارەسەرێكی مامناوەند بۆ روبەڕوبوونەوەی فشارەکانی ئەمریکا و نێودەوڵەتی بۆ سەر بەغدا بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەیان.


ڕیکلام