شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ، جێگری سەرۆکی هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر کرد و لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵا بە گەرمی پێشوازی لە بەڕێزیان و هەڤاڵانی یاوەری کرا.
لە دیدارێکدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ڕۆڵ و کاریگەری هێزەکانی دژەتیرۆری بەرزنرخاند لە ڕووبەڕونەوەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆن و چالاکییە بەردەوامەکانیان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و جەختیکردەوە لەسەر گرنگی و بایەخی بەردەوامیدان بە مەشق و راهێنانەکانی هێزەکانی دژە تیرۆر لەسەر بنەمای نوێی زانستی هێزە تایبەتەکان و وەک هەمیشە پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانیان دووپاتکردەوە.
لەبەرامبەردا وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر بەناوی سەرجەم ئەفسەر و پێشمەرگە و کارمەندەکانی دژەتیرۆرەوە ، سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفای کرد کە هەمیشە هێزێکی گەورە بووە لە پشت دژەتیرۆرەوە و لە راپۆرتێکیشدا بەرچاوروونیکرد لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکان لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی هەرێم و وتی ئەرکەکانی دژەتیرۆ لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بەڕێوەدەچن و بەرامبەر ئارامی و ژیانی خەڵک هەمیشە خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن.