ماوەی زیاتر لە چل رۆژە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە و هێشتا کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانیش دیار نییە، پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت: داهاتی نانەوتی، هەمیشە بووە بە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆران.
میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە: هەفتەی رابردوو، چەند وەفدێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بۆ پرسی مووچە و داهاتی نانەوتی سەردانی بەغدایان کردبوو، بەڵام سەردانی وەفدەکە نەبووە هۆی ناردنی مووچە، هاوکات فالح ساری وەزیری دارایی فیدراڵی، رایگەیاندووە: چاوەڕوانی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناکەم و مووچە دەنێرم، هەروەها هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتی ناوخۆ بکرێت کە بڕەکەی ١٢٠ ملیار دینارە، پێویستە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران یەکلایی بکرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە، ئەمشەو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببیتەوە و پرسی ناردنی مووچەی هەرێم یەکلایی بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمی یەکێتی، وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە نیازە مانگانە لەگەڵ مووچەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێمییش بنێریت، بەڵام نەناردنی ١٢٠ ملیار دینار ناکاتە کێشە و لە کۆی گشتی مووچە دەیبڕێت و تەنها ٨٣٠ ملیار دینار دەنێرێت، لە کۆی زیاتر لە ٩٥٠ ملیار دیناری مووچە.
لەکاتێکدا، وەفدەکانی هەرێم ئەو پێشنیارەی وەزارەتی دارایی عێراقیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە: پابەند نەبن بەو پێشنیارە، ئەمەش بووەتە هۆی دواخستنی مووچەی هەرێم لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا.
وەزارەتی دارایی هەرێم، چەند جارێک بە رەسمی رایگەیاندووە، توانای دابینکردنی ١٢٠ ملیار دینار مانگانەیان نییە بیدەنە عێراق،چونکە بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە و سیستمی ئەسیکۆداوە داھات کەمی کردووە.
لەو بارەیەشەوە، سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای فەرمی یەکێتی راگەیاند: داهاتی نانەوتی هەرێم، هەمیشە بووەتە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆران و ئەرکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمە، پابەندییەکانی جێبەجێبکات و پابەندی رێککەوتنەکان بێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی ٢٦ی٥ی٢٠٢٦، مووچەی مانگی ئایاری دابەشکرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی قوربان، لە دوای ئەو بەروارەوە مووچە دابەش نەکراوە و کاتی هاتنیشی دیار نییە، بەمەش مووچەخۆران دەبێت زیاتر چاوەڕوانی هاتنی مووچە بن کە ٤٠ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.