لە بنکەیەکی دەنگدانی تورکیا شەر ڕوویدا و کەسێک کوژرا

  2024-03-31  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەگوندێکی لەباکوری کوردستان لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن شەڕ لەنێوان کاندیدانی موختاریی گوندێک ڕویدا و بەهۆیەوەکەسێک کوژراو ١١ کەسی تریش بریندار بوون.

بەیانی ئەمڕۆ لەکاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لەگوندی "جەرنەکێ"ی سەر بەناوچەی (سور)ی ئامەد، شەڕ لەنێوان کاندیدانی موختاریی گوندەکە دروستبوەو لەئەنجامیشدا کەسێک کوژراوەو ١١ کەسی دیکەش برینداربون، بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون‌و هێزە ئەمنییەکان لەشوێنی ڕوداوەکە بڵاوەیان پێکراوە.

دۆغان هاتون کاندیدی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی گەورە شارەوانیی ئامەد ڕایگەیاندوە، ئاگاداری شەڕەکەن‌و دوای کەمێکی دیکە سەردانی بریندارانی شەڕەکە لەنەخۆشخانە دەکات. هاوکات داوای لەدەنگدەرانی دەم پارتی کردوە بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان‌و دەنگ بەکاندیدانی دەم پارتی بدەن.

بەوتەی دۆغان هاتون، لەچەند بنکەیەکی دیکەی دەنگدانیش لەئامەد، گرژی‌و ئاڵۆزیی لەنێوان دەنگدەران ڕویداوە. وەکو خۆی دەڵێت، "گرژیی‌و ئاڵۆزییەکان دەستێکیان لەپشتەو نایانەوێت ئیرادەی گەلی کورد سەربکەوێت".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەتورکیاو باکووری کوردستان دەستیپێکرد، لەتورکیاو باکوریش ئەندامانی ٣٠ گەورە شارەوانی، ٥١ شارەوانیی شارەکان، ٩٧٣ شارەوانیی قەزاکان‌و ٣٩٠ شارەوانیی ناحیەکان‌و ٥٠ هەزارو ٣٣٦ موختاریش هەڵدەبژێردرێن.


ڕیکلام