میدیای یەکێتی: نەوەی نوێ رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ پارتی دەكات

  2024-05-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشی مۆریتەرینگی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، بۆ ماوەی 10 رۆژە میدیای نەوەی نوێ بەناوی سەرۆكەكەیانەوە هەڕەشەی ئەوە دەكات گوایە ئەگەر پارتی بە رەسمی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدات، نەوەی نوێ لە دادگای باڵای فیدراڵی سكاڵا لە دژی پارتی تۆماردەكات و بۆ ئەو مەبەستە سكاڵایەكیان ئامادەكردووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، كاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگری سەرۆكی پارتی بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق سكاڵایەكی تۆماركرد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دژی سكاڵاكەی پارتی سكاڵایەكی لە دادگای فیدراڵ تۆماركرد، لە بەرامبەردا نەوەی نوێ نەك هەر هەڕەشە و بەڵێنە 10 رۆژییەكەی نەبردسەر و سکاڵایان تۆمارنەكرد، بەڵكو ژێربەژێر لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی سیاسی كرد و ئەمڕۆ دوور لە چاوی میدیا سكاڵاكەی خۆیان لە ڕێگای پارێزەكەیانەوە كشاندەوە و كشاندنەوەی سكاڵاكەیان پەیوەندیی بەخۆیانەوە هەیە و نامانەوێت هۆكاری رێكگەوتنەكەیان بزانین.  

دەشڵێت، "ئەوەی كە جێگای پێكەنینە ئەوەیە كە لە دوای تۆماركردنی سكاڵاكەی یەكێتی، راستەوخۆ میدیاكەی نەوەی نوێ وەك نەریتێكی رۆژانەیان و بۆ داپۆشینی رێككەوتنەكەیان، دەستیان كرد بە هۆنینەوەی هەواڵی چەواشەكارانە و رایانگەیاند گوایە یەكێتی و پارتی بەیەكەوە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدەن و لەسەر ژەنینی ئەم جۆرە چەواشەكارییانە ئێمە وەكو بەشی مۆریتەرینگی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی، هیچ ناڵێین چونكە جەماوەری كوردستان هۆشیارە و دەزانێت كە چ مەرامێك لەپشت بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە ناراست و درۆ شاخدارانەوەیە و تەنها ئەوەندە دەڵێین حزبێك كە ئومێدی لەسەر پەتی درۆ هەڵچنیبێت تەمەنی زۆر كورتدەبێت".

 


ڕیکلام