سیمین چایچی، یهكێكه له شاعیره به ئهزموونهكانی ڕۆژههڵاتی كوردستان و ساڵانێكه له ڕێگهی نووسین و شیعرهكانییهوه پێگهیهكی گهورهی بۆخۆی لهنێو پانتایی شیعری ژنانه دروست كردووه، و خاوهن چهندان شیعره و چهند شیعرێكیشی كراون بە ئهلمانی و عەرەبی و ئینگلیزی. ناوبراو لهم چاوپێكهوتنهی بۆ "ژیان" باس له ئهزموونهكانی خۆی دهكات و دهڵێت" شیعرهكانم بهپێی ههڵومهرجهوه كاریگهری دروست دهكات و دهتوانن له پڕ ببنه ههوێنی شیعرێك.
ژیان: له دیدگا و تێڕوانینی تۆ چۆن ێناسهی شیعر و نووسین دهكرێ؟
سیمین: شیعر دەبێ گوزارشت لە ژیان بکات لە هەر سەردەمێکدا پێناسەیکی تایبەت بەو سەردەمەی بووە، شیعری ئەمڕۆییانە بەس نوێ کردنەوە لە بارهی فۆرم و شێوازی داڕشتن و دەرچوون لە چوار چێوە باوەکان نیە، بەڵکو گۆڕانکاری لەناوەرۆک و شیعرییەت و شێواز بەپێی تایبەتمەندی فکری و کۆمەڵایەتی خوێنەرە .
شیعری ئەم سەردەمە ئومانیستی و مرۆڤمەدارە کە لە نەفهسی خۆیدا بەرەو تازەگەری لەبارهی زمان و موتیو و فۆرمەوە دەڕوات، شیعری مۆدێرن بە بڕوای من دەبێ دووربێ لە ڕەنگدانەوەی ئیدێولۆژیک و جیاوازییە ئینسانیەکان.
ژیان: چ هۆكارێك پاڵێ پێوهنای بۆ ئهوهی خزمهتی ئهدهبیاتی پێ بكهی؟
سیمین: پێموانییە چوونە ناو دنیای ئەدەب و هونەر پێویستی بە هاندەر و پاڵنەر بێت، چۆن خۆت نازانی بۆچی و کەی و چۆن دەستت پێکردووە؟ ڕەنگە لە سەرەتادا هەندێ هۆکار كاریگهر بێت، بەڵام لە درێژەدا ئەگەر بە ڕاستی شاعیر بی تا دوایین ڕۆژەکانی ژیان وازت لێناهێنێ.
ژیان: شیعرهكانت زیاتر پێوهندی به چ ههڵومهرجێكهوه ههیه؟
سیمین: شیعرهكانم پێوەندی بەو هەڵومەرجەوە هەیە کە کاریگەریت لە سەر دەکات بۆ نووسین، وەکو "عیشق، کێشەی کۆمەڵایەتی و ژیانی تایبهتی یا ڕووداوێکی نەتەوهیی" . هەر یەکە لەم خاڵانە دەتوانن لەپڕ ببنە هەوێنی شیعرێک، واتە شێوە و ڕوانینی شاعیر شێواز و بابهت دروست دەکات.
ژیان: تا ئێستا خاوهنی چهند شیعرن و به چهند زمان شیعرتان نووسیووه؟
سیمین: شیعرهكانم زۆرن، جار و بار چەند شیعرێكیشم کراون بە ئهلمانی و عەرەبی و ئینگلیزی، بەڵام هێشتان وەکو دیوان وهرگێڕانی بۆ نەکراوە.
ژیان: له شیعرهكانت دا تا چۆن باسی ژنانت كردووه؟
سیمین: ئەلبەت لە سەر ئەو بڕوایهدانیم کە خزمەتیێکم کردووە، بەڵام شیعر مەجبوورە باسی واقعییەتی ژیانی ژنی سەردەم لە کۆمەڵگهی پیاو زاڵی بکات، ئەویش لە کۆمەڵگهیەکدا کە ژن یەکەمین قوربانی دست درێژی سێکسی و مەوادی بێهۆشکەر و توندوتیژی بنەماڵەیی و دەرەوەییە، وەکو لێدان و کوشتن بە ناوی شەرەف، بۆیە لەسەر ئەو بڕوایهم بەرهەمی ئەدەبی ژنی مودێرنی جیاواز، دەبێ ڕەنگدانەوەی ئیدیۆلۆژی و ڕوانگەی ئەو سەبارەت بە هاو ڕەگەزەکانی و ئینجا کێشە گشتییە مرۆڤایهتییهكان، بێ جیاوازی ڕەگەزی و فکری بێت.
منیش وەکو ژنێک کە ساڵانێکە بە باشی شارەزای هەڵومەرجی نایەکسانی نێوان ژن و پیاوی ئەم کۆمەڵگهیەم، هەوڵ دەدەم بە هەر شێوازێک و لە هەر دهرفەتێکدا دژی ئەو یاسا و نەریتانەی کە ژن دەخاتە پەراوێزەوە بوێستم و بنووسم.
ژیان: ساڵانێكه وهكو چاڵاكوانێكی پرسی ژنان خزمهتت كردووه، تا ئێستا لهم ڕێگهیهوه چیت بۆ ژنان كردووه؟
سیمین: نازانم ئەوەی کە لە بارهی کۆمەڵایەتییەوە کردوومە تا چ ڕادهیهک کاریگەری ههبووه لە سەر پرسی ژن، بەڵام پێموایە بە دەنگ بوونیش بەشێکە لە خەبات و داواکاری لە مەڕ بەدەستهێنانی مافی یەکسانی خوازی، تا ئەو ڕادەیه توانیبێتم لە ژیانی تایبهتی خۆمدا هەوڵمداوە ئەو خاڵانەی کە زنجیرهی "بڤە و مەکە" لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە توندتر دەکاتەوە، کەم ڕەنگ بکەمەوە یان گوێی پێ نەدەم، کە خۆشبەختانە ئەو ژیانە بەرهەڵستانە بوونەتە بەشێک لە هزر و کەسایەتیم کە بێگۆمان ڕەنگدانەوەی لە نووسینەکانم و لە بەر دەنگدا دیار و بەرچاوە. بەبڕوای من ژیانی هەر هونەرمەندێك باشترین بەرهەمییەتی، ئەگەر بەرهەم ڕەنگدانەوەی لە ژیان و هەڵسوکەوتیدا نەبێ، ئەو هونەرمەندە خاوەن کەسایەتییەکی پاراد و کسیکالە کە بێگومان بەرهەمی لە بەردەنگدا کاریگەری کاتی هەیە واتە لەگەل خۆیی و بەردەنگدا ڕاستگو نیە.
ژیان: یاخیبوون له شیعرهكانتدا بوونی ههیه؟
سیمین: شیعر گوزارشت لە هەموو هەست و ڕوداوێکی ژیان دەکات کە لەلای شاعیرهوە گرینگە، لە کۆمەڵگهی ئێمە کە بەپێی داب و نەریت و یاسا و ئایین، ژن نیوەی "کۆمەڵه، شەرهفی پیاوە، پەرستار و کرێکاری ماڵە، و ... هیتد" دەبێ ئەوهەموو دیاردە دژە مرۆڤایهتییە شاعیری یاخی و دژەبا و دروس نەکا؟!
ژیان: مهرجه شیعر ههموو كات دنیای به جوانی بۆ وێنا كردبین؟
سیمین: ئەگەر دنیا پڕ بێت لە جوانی و یەکسانی و مروڤدۆستی، شیعریش ئەو وێنایە دەبوو، بەڵام لەم جیهانە پڕ لە شەڕ و نابەرامبەرییەدا کە سیاسەتی درۆزن و عشقی درۆینە و جەنگ، جوانی ژیانی تێکداوە، شیعریش تا ڕادەیهک لە جوانی بێژی لای داوە و گەیشتووە بە ڕاست بێژی واقعییەتی ژیانی سەردەم.
ژیان: یەک لەو بوارانەی کە ساڵانێکە لەسەری ئیش دەکەی شیعری گۆرانییە، باسی ئەو ژانرە شیعرییە بکە؟
سیمین: لهشیعری گۆرانیدا هەوڵمداوە هەندێ نەمادی تازە بێنمە دنیای موسیقی کوردییەوە، بۆ گەیشتن بە زمانی نوێ و شارستانی بە پارامێتری ئەمڕۆییانەوە هەوڵمداوە تا بتوانم سەرنجی جیلی نوێ بەرە و موسیقای کوردی ڕابکێشم، بە تایبەت کە دە تا پانزدە ساڵ پێش ئێستا ژنان بە زمانی پیاوانە گۆرانییان دەوتهوه، دروست کردنی زمانی ژنانە بە کەڵک وەرگرتن لە نەماد و وشەی سانسۆر نەکراوە لە گۆرانی ژناندا کارێکی تازە و جیاواز بوو کە ئەمڕۆ بووەتە ڕەوتێك لە مۆسیقای کوردی و خۆشبەختانە دەیان ژن و کچی گەنج ئەو ڕچكەیهیان شکاندووە، بە تایبەت لە شیعری خوشەویستیدا کە باسی هەستی كهسێتی وعاتیفی لە لایەن ژنەوە پیویستی بە هێما و سیمبولی ژنانە هەیە. لەم ماوەیەدا زۆرتر لە ٢٥٠ تێکستم کراوە بە گۆرانی.
ژیان: جگه له شیعر، لهچ بوارێكی دیكهی ئهدهبی خزمهتت كردووه؟
سیمین: جگە لە شیعر، وەکو ئەزموونی شانۆیی، دەیان شانۆی شیعری مۆسیقاییم بە کەڵک وەرگرتن لە چیرۆکی فۆلکلور بۆ منداڵان نووسیوە و پێشکەش کراون، بەڵام لەم ماوەیەدا شانۆیهکم پێشکەش کرد بە ناوی "هەنارێ". شانۆی دۆکیۆمێنتی یەک لەو شێوازانەیە کە دەتوانێ گوزارشت بکات لە لایەنە شاراوەکانی ژیانی ژن، وەکو "دەست درێژی سێکسی لە لایەن پیاوانی بنە ماڵە و دەرەوە، لەشفرۆشی بۆ بژێوی ژیان، تووشکردنی کچانی کەم تەمەن بە مادە هۆشبەرەکان و بەکرێگرتنی ئەوان بۆ کاری ناشیاو و ... هتد".
ژیان: شانۆی "ههنارێ" باس لهچی دهكات؟
سیمین: شانۆی "هەنارێ" باسی دهستدرێژی سێکسی لەسەر کچێکی کەم تەمەن دەکات کە لەبنەماڵەوە دست پێدەکات تا سەرشەقامەکان و لە ئاکامدا پەتی سێدارە، ئەم دەقە بەرهەڵستانە جیا لە تازەگەری بابهت، جەسارەتە زمانییەکەی لەلایەن بینەرەوە خاڵێکی بەرچاو بوو، واتە کەڵک وەرگرتن لەزمانی ڕووت و ئاکارێکی تیپیکاڵ، کە دەرهێنەر و دەورگێڕان بە جوانی کارێکی تایبەتیان پێشکەش کرد.