وێنەگرێکی لوبنانی چیرۆکێکی تراژیدیا لە زیندانێکی سوریا ئاشکرادەکات
لە درێژەی شەڕو ئاڵۆزییەکانی سوریا چیرۆک و رووداوی سەیر دەبیستین، لەو کاتەی گرووپە چەکدارەکان چوونەتە ناو شاری حەما و زیندانییەکانیان لە زیندانی ناوەندیی شارەکە ئازاد کردووە، وێنەگرە لوبنانییەکان سەرقاڵی وێنەی پیاوێکی ٦٠ ساڵان بوون کە ڕوخساری ماندوو دەردەکەوێت.
وێنەی زیندانییەکان و ناوەکانیان بە خێرایی لەنێو هاووڵاتییاندا بڵاو بووەوە، بەتایبەتی لەناو خەڵکی ناوچەی عەکار لە باکووری لوبنان.
یەکێک لە زیندانییەکان ناوی "عەلی حەسەن عەلی"ە دوای ئەوەی ناوی لە لیستی ئەو زیندانیانەی لە زیندانی ناوەندیی حەما ئازاد کرا بوون دەرکەوت، بووەتە مایەی سەرسووڕمانی هاووڵاتییان.
بنەماڵەی عەلی باوەڕیان نەدەکرد ناوی ئەو لەو لیستەدا بێت، پێش ئەوەی وێنەکەی ببینن کە بڵاو بووەتەوە، عەلی خەڵکی شارۆچکەی شاخاوی تاشای سەر بە پارێزگای عەکارە لە لوبنان، ساڵی ١٩٨٢ لە لایەن هێزەکانی سووریاوە دەستگیر کراوە.
موعەمەر حەسەن، برای عەلی ڕایگەیاند "براکەم لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەلایەن هێزەکانی سووریاوە دەستگیر کراوە."
هەروەھا ئاماژەی بەوەش کرد "ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵ بنەماڵەکەی پەیوەندییان بە ئەفسەرانی سووریا کردووە بۆ ئەوەی بزانن کوڕەکەیان لە کام زینداندایە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە."
ڕوونیشی کردەوە "ساڵانی چاوەڕوانی و گەڕان بەدوای براکەیدا پڕ بووە لە سەختی ودەردەسەری بە دەست ئەفسەرانی سووریاوە" گوتیشی: "هەرچیمان هەبوو فرۆشتمان، تەنها بۆ ئەوەی هەوڵێکی سادەمان دەربارەی براکەم دەست بکەوێت."
موعەمەر، بە دڵتەنگیەوە گوتی "چەند دڵخۆشین بە دۆزینەوەی عەلی و ڕزگارکردنی لە زیندان، دڵمان پڕە لە خەم، چونکە دایکم بەهۆی بێسۆراخی عەلییەوە مرد."
دووپاتی کردەوە "دایکم هیچ دەرفەتێکی نەهێشتەوە بۆ ئەوەی شتێک دەربارەی چارەنووسی کوڕەکەی بزانێت." گوتیشی "دایکم چەندا جار لە دەرگای هەموو سیاسەتمەدارێکی دا بۆ ئەوەی زانیارییەک هەر چەند بچووکیش بێت، لەسەر عەلی بزانێت."
تەنها لە زیندانیەکانی حەمە، گرووپە چەکدارەکان، ٣ ھەزار زیندانییان ئازادکردوە کە ماوەیەکی زۆرە چارەنوسی ئەو کەسانە نادیاربون و کەسوکاریان بەدوایاندا دەگەڕان
|