دووەم کۆبوونەوەی كۆمیسۆنەكەی پەرلەمانی توركیا بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووەم کۆبوونەوەی "کۆمسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی" لە هۆڵی میوانداری پەرلەمان دەستی پێکرد،لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا قسەیکرد و دامەزراندی کۆمسیۆنەکەی بە هەنگاوێکی مێژوویی وەسفکرد.
کورتمولموش لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆیی هەمووان تا ئەوەی جارێکی دیکە شەڕ درووست نەبێتەوە و بنەماکانی خوشک-برایەتی گەلان پێكبهێندرێت و وتیشی: ڕوحی هاوپەیمانێتی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لێرە بە دانوستان دراون.
کورتولموش ئاماژەی بەوەشدا، کۆمسیۆنەکە دەرفەتێکی مێژووییە و بۆ ئەوەی بە باشی سوود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرین، پێویستە بە وریاییەکی زۆرەوە هەنگاوەکان بنێنین، کۆمسیۆنەکە نوێنەرایەتی ٩٨٪ کۆمەڵگە دەکات، پێویستە بە گوێرەی خواست و چاوەڕوانییەکانی گەل پرۆسەکە بەڕێوەبەرین.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لە هۆکاری دامەزراندنی کۆمسیۆنەکە کرد و وتی، دامەزراندنی کۆمسیۆنەکە دەبێتە جێگەی دڵخۆشی هەموو تورکیا، هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەم کۆمسیۆنە ئەوەیە ڕێکخستنەکە (پەکەکە) دوای پەیامی ئیمرالی قبوڵیکرد کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداریی بهێنێت، ئەم پرۆژەیە، بۆ هەمووارکردنەوەی یاسایی دامەزراوە، ئەم یاسایە ڕەوانەی لیژنەی گشتی پەرلەمان دەکرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆ و قسەکانی کۆبوونەوەکە تۆمار دەکرێن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بڵاو ناکرێنەوە، هەموو ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت نابێت بە هیچ شێوەیەک بچێتە دەرەوە.
|