هەسەدە هۆشداری بە حكومەتی دیمەشق دەدات
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئەو گروپانەی سەر بە تورکیا كە لە ژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدا کاردەکەن بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست، داواکارین حکومەتی دیمەشق و گروپەكانی سەربە حكومەت هەروەها گروپەكانی سەر بە تورکیا دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەک رابگرن و پابەندی مەرجەکانی رێککەوتنەکە بن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کاتێکدا کە گەلی سوریا و هەمو لایەنەکان پابەندن بە چارەسەری ئاشتییانە، چاوەڕوانی سەقامگیربونی دۆخەکەن لەسەر تەواوی جوگرافیای سوریا، هێشتا ئەو گروپانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لەژێر چەتری حکومەتی دیمەشق کاردەکەن، بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە چەندین ناوچەدا، لەوانە دێرەزور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
ئاماژەی بەوەشكردوە، جوڵەی گوماناوی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە (كوردنشن) لە شاری حەلەب هەیە، کە ئەوەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەردو گەڕەکەکە و دیمەشق لە 1ـی 4ـی 2025 واژۆ کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، گروپە ناوبراوەکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و چەکی قورسیان بەکارهێناوە، جگە لە هێرشی زەمینی و هەوڵی پەڕینەوە لە ڕوباری فورات بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانمان لە دێرەزور، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە 11 هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر ناوچە مەدەنی نشینەکان کەوتوە.
باسی لەوەشكردوە، لە ماوەی ڕابردودا پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و سوربوون لەسەر پاراستنی ئارامی سەرەڕای دەستدرێژییەکان، لەبەرئەوەی باوەڕیان وایە سەقامگیریی سوریا پێویستی بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو لایەنەکان هەیە.
باسی لەوەشكرد، بەم پێیە ئێمە؛
1. داوا لە حکومەتی دیمەشق و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو لایەنە، هەروەها گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەکەن، کە دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەکان ڕابگرن و پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بن.
2. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە چاودێریی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و کار بۆ مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.
3. دەستی گفتوگۆ و هاوکاری درێژ دەکەین بۆ سوریایەکی ئارام و سەقامگیر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرینەبەر بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان.
|