پلانی نوێ بۆ گەشەپێدانی پارێزگای هەڵەبجە دادەڕێژرێت

13/08/2025
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە کرد. لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر داواکاری و پێداویستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و دانانی نەخشە ڕێگایەکی نوێ بۆ خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکە.

لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەڵەبجەدا هاتووە، "پارێزگاری هەڵەبجە لە نزیکەوە داواکاری و کێشەکانی پارێزگاکەی خستەڕوو، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی قوباد تاڵەبانی کرد بۆ پشتیوانی و هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ هەڵەبجەو دانیشتووانەکەی كە هەمیشەو بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیدان بە هەڵەبجە کردووەتەوەو لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، جێگری سەرۆکی حکومەت بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە وەستاوەکانی داوە، ئەم کۆبوونەوەیە وەک هەنگاوێکی گرنگ و کرداری دەبینرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەو وەرگێڕانی پلانەکان بۆ واقیع، کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لەوەی هەڵەبجە پشکی شایستەی خۆی لە ئاوەدانی و پێشکەوتن وەردەگرێت".

یەکێک لە دەرەنجامە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، ڕێککەوتن بوو لەسەر داڕشتنی پلانێکی نوێ و هاوبەش بۆ قۆناغی داهاتووی پارێزگای هەڵەبجە. ئەم پلانە نوێیە کار لەسەر گەشەپێدانی کەرتە گرنگەکانی وەک ئابووری و گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازی دەکات، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری پارێزگاکە و دابینکردنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان.