دادوەرە میهرەبانەکە کۆچی دوایی کرد
فرانک کاپریۆ کە ناسراوە بە "دادوەرە میهرەبانەکە" لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە گیانی لەدەستدا.
ئەمڕۆ ٢١ی ئابی ٢٠٢٥، فرانک کاپریۆ دادوەری بەناوبانگی ئەمریکی و سەرۆکی دادوەری خانەنشینکراوی دادگای شارەوانی پرۆڤیدێنس لە ویلایەتی رۆد ئایلند بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە لەتەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
بنەماڵەی فرانک کاپریۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایانگەیاندووە، "دادوەر کاپریۆ لە رێگەی ئەرکەکەی لە هۆڵی دادگا و لە دەرەوەیدا، کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس بەجێهێشت، گاڵتەوگەپ و میهرەبانییەکەی لەسەر هەموو ئەوانەی کە دەیانناسی جێهێشت".
وتیشیان، "بەبۆنەی کۆچی دواییەوە با هەریەکێکمان هەوڵبدەین کەمێک زیاتر بەزەیی بهێنینە جیهانەوە، هەروەک چۆن ئەو هەموو رۆژێک دەیکرد"، فرانک کاپریۆ ڕۆژی چوارشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "من باوەڕێکی پتەوم بە هێزی نزا هەیە، دوبارە داواتان لێدەکەم نزام بۆ بکەن".
کاپریۆ لە ساڵی ١٩٨٥ وەک دادوەر دەستبەکاربوو و بەهۆی زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکەی "Caught in Providence "، ناوبانگی دەرکرد، کە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ خەڵاتی بەناوبانگی ئیمی پاڵێورا.
ڤیدیۆکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک، تیکتۆک و ئێکس زۆر بڵاوبوونەتەوە، کاپریۆ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا و دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە کارکردن, خانەنشینبوونی خۆی لە دادگای شارەوانیی پرۆڤیدێنس راگەیاند. دوای خانەنشینبوونی، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هۆڵی دادگای شارەوانیی پرۆڤیدێنس بە ناوی فرانک کاپریۆوە ناونرا.
|