عەجاج لە یەكەم دانپێدانانیدا: برسیکردنمان وەک چەک بەکار دەهێنا

21/08/2025
فۆتۆ: 

بەڕێوەبەری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان کە دوای 37 ساڵ خۆشاردنەوە دەستگیرکرا، دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و دەڵێت برسیکردن و دەستدرێژی وەک چەکی کۆمەڵکوژ بەکار هێناوە.

ڕۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەستگیر کردن و دانپێدانانی یەکێک لە گەورەترین  تاوانبارانی ڕژێمی بەعس کردووە کە ئەفسەری پێشوو "عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی"، ناسراو بە حەجاجی نوگرە سەلمانە.

عەجاج لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: "برسیکردنمان وەک چەک بەکارهێنا، کە لە بۆردومانی سەربازی کەمتر کوشندە نەبوو؛ لە ماوەی تەنها 10 مانگدا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەست دا."

کاتێک عەجاج تکریتی بووەتە بەڕێوەبەری زیندانی نوگرە سەلمان، نزیکەی 400 زیندانیی عەرەبی لە زیندانەکە گواستووەتەوە و لە شوێنی ئەوان نزیکەی 3 هەزار زیندانیی کوردی لە سلێمانی و هەولێرەوە، بە مەبەستی لەناوبردنیان، هێناوەتە زیندانەکە.