سهنتهری میترۆ: كاری وتهبێژ نییه له كۆنگرهكانیدا پۆستهكهی بۆ ههڕهشهو جیاكاری بهكاربهێنێت
سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتی پرسیارێكی ئەیوب وەرتێی، پەیامنێری كەناڵ8ـدا لەبارەی هۆكاری ئامادەنەبوونی پەیامنێری كەناڵی رووداو، وتی، "كاتێك ئامادەدەبن كە هەست بكەم ئیلتزاماتی پیشەییانە هەیە، لەوانەیە رۆژێك رووبدات تۆش لەناو كۆنگرەكانی ئێمەدا نەبیت".
سەنتەرەکە دەڵێت، وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەت، هەڕەشەیە بۆ هەموو ئەو كەناڵانەی دیکە گەر بەپێی پێوەرە پیشەییەكانی وتەبێژ، رووماڵی هەواڵەكانی حكومەت نەكەن (لە پێشەوایاندا كەناڵ8)، هەروەک جەختكردنەوەیشە لەسەر بێنرخكردنی یاسای رۆژنامەگەری كە رێگەی داوە رۆژنامەنووس لە كۆنگرە و چالاكییە گشتییەكاندا، ئامادەبێت.
ئاماژە بەوەشدەکات، "كاری وتەبێژ نییە لە كۆنگرەكانیدا پۆستەكەی بۆ هەڕەشە و جیاكاری بەكاربهێنێت، ئەو رۆڵی كارئاسانییە بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بەشێوەیەكی شەفاف و دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای رق و و جیاوازیی بیروڕا".
میترۆ دەڵێت کە بەپێی زانیارییەکانیان، كەناڵی رووداو بانگهێشتی ئەو كۆنگرەیە كراوە، كە گەیشتوونەتە شوێنی كۆنگرەكە، پێیان وتراوە مایكەكەیان دانەنێن. لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ باس لەوە دەکات، "ئەم رەفتارە نەك بازدانە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری، بەڵكو پێچەوانەی ئەتەكێتی میوانداریی میدیاكارانە، ئەو پرسیارەیش دەوروژێنێت كە رووداو بەپێی پێوەری پیشەیی وتەبێژی حكومەت رووماڵ ناكات، بۆ بانگهێشتیان دەكەن؟ كە بانگهێشتیان دەكەن بۆ ناهێڵن مایكەكەی بخاتە بەردەمتان؟".
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی كەناڵی رووداو و هەڕەشەكردن لە كەناڵ8، دەرخەری هەڵكشانی ئامرازەكانی بەربەستدانانن لەبەردەم ئازادیی رۆژنامەگەری و زانیاری، بازدانیشە بەسەر یاسای رۆژنامەگەری و پێچەوانەی لانی كەمی ئاكارەكانی میواندریی میدیاكارانە بۆ چالاكی رەسمی.
|