پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە دەستە خوشکی شارێکی ئیسپانیا

27/09/2025
فۆتۆ: 

بەمەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی دەستەخوشکی و یاداشتی لەیەکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگای (هەڵەبجە و گرنیکا) ئەمڕۆ ٢٦ / ٩ / ٢٠٢٥ ( دارەوان حاجی حامید) نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، سەردانی پارێزگای گرنیکای کرد و لە لایەن (خۆسێ ماریا گۆرۆنیۆ) پارێزگاری گرنیکا لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا(خۆسێ ماریا گۆرۆنیۆ) پارێزگاری گرنیکا ، بەخێرهاتنی نوێنەری حکومەتی کرد ووتی، زۆرخۆشحاڵم بۆ جاری دووەم لەگەڵ ئێوە کۆدەبمەوە و دوایی دراسەکردنی ئەندامانی ئەنجومەن و هەڵسەنگاندنی ورد، ئێمە بڕیارمانداوە کە لەگەڵتان کاربکەین و وەک هەنگاوی سەرەتا یاداشتی لەیەک تێگەیشتن لە نێوان هەردوو پارێزگا و دواتر لە ٢٦ / ٤ / ٢٠٢٥ لە بۆنەێکی ڕەسمیدا هەردوو شار ببنە دەستەخوشکی یەکیتر ، ئەمەش بە ئامانجی ئاڵو گۆری ، بازرگانی ، گەشتیاری ، کلتوری و وەرزشی ، ئەکادیمی ، کشتوکاڵی هیتر لە نێوان هەردوو شاری (هەڵەبجە و گرنیکا). 

 لە کۆبوونەوەکەیاندا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی دواین گۆرانکاریەکانی هەرێمی کوردستان و  پارێزگای هەڵەبجە بۆ کرد، دواتر سڵاوی پارێزگای هەلەبجەی بە پارێزگاری گرنیکا ڕاگەیاند.

 لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەخێراکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتن و تەواوکردنی ڕێکارەکانی دەستەخوشکی هەر دوو  شار کرایەوە، دوایی دانانی بەرنامەیەکی هاوبەش وا بڕیارە (خۆسێ ماریا گۆرۆنیۆ) پارێزگاری گرنیکا ساڵی داهاتوو سەردانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە بکات و دواتریش بۆ یادی ساڵانەی گرنیکا  پارێزگاری هەڵەبجە بە سەردانێکی فەرمی بانگهێشتی گرنیکا بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری گرنیکا، لۆگۆی شارەکەی پێشکەش بە دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا کرد، کە لۆگۆکەی گەڵای دارێکە، سمبولی ئازادی شارەکەیە و لای خۆیەوە نوێنەری حکومەتیش کتێبێکی سەبارەت بە مێژووی شاری هەڵەبجە و ئەلبوی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانی پێشکەشی ناوبراو کرد.

سودەکانی دەستەخوشکی و یاداشتی لەیەکتێگەیشتن لەنێوان پارێزگای (هەڵەبجە و گرنیکا)

١- دەبێتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی و کلتوری و هونەری هەڵەبجە و گرنیکا. 

٢- دەبێتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی گەشتیاری هەڵەبجە و گرنیکا. 

٣- دەبێتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی ئەکادیمی هەڵەبجە و گرنیکا. 

٤- دەبێتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی بازرگانی هەڵەبجە و گرنیکا. 

٥- دەبێتە هۆی دروستکردنی پردی پەیوەندی وەرزشی چەندین بواری تری هەڵەبجە و گرنیکا. 
  
پارێزگای هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاو کیمیاباران کراو  ٥٠٠٠ هەزار کەسی بێ تاوان کوژران و هەزاران کەسی تریش بریندار و بێسەر و شووێن کران، بەڵام بە ئیرادەی پۆڵاینی خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ خۆشبەختانە شارەکە ئاوادان کراوەتەوە و لە زۆر بواردا گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

گرنیکا بە هەمان دۆخ و کارەساتدا تێپەڕیوە، لە لایەن فرانکۆ سەرۆکی پێشووی ڕژێمی ئیسپانیا بە فرۆکەی ئەڵمانیا و بە پاڵپشتی هیتلەر شارەکە بوردمان و خاپوور کرا و ٨٥٪ی سوتێنرا و ئێستاش شارەکە پێشکەوتنی گەورەی بە خۆیەوە بینوە