سودانی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: وەک کارەکتەری سـەرەکی لە بونیادنانی ڕێککەوتنەکە رۆڵتان بەرز دەنرخێنم

27/09/2025
فۆتۆ: 

نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 27ی ئەیلوولی 2025 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق پێگەیشت.

لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عیراق زۆر سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد بۆ ئەو هەموو هەوڵ و کۆشش و دەستپێشخەرییانەی کە لەماوەکانی ڕابردوودا داویەتی بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەردوو حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو گەیشتن بە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پیرۆزبایی خۆی پێ راگەیاندن. 

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا محەممەد شیاع سوودانی، رۆڵی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەرزنرخاند وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە بونیادنانی ئەو ڕێککەوتنەدا. راشیگەیاند کە ئەو ڕێککەوتنە دەستپێکێکە نەک تەنیا بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، بەڵکو چارەسەرە بۆ بووژانەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لەپێناو گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان و عیراق.


لە بەرامبەردا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و پیرۆزبایی رێککەوتنەکەی لێکرد، ئەوەشی بە سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی ڕاگەیاند، کە بە هیواین سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەم رێککەوتنە وەک ماف و بەپێی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، هەروەها ئەم رێککەوتنە ببێتە هۆکاری سەقامگیریی زیاتر لە وڵاتدا.

هەروەها بافڵ جەلال تاڵەبانی پابەندبوونی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانی بە رێککەوتنەکەوە بەپێویست زانی.