سێپان حەمۆ؛ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بڕیاری مانەوەیان داوە و ئێمەش پشتیوانی بڕیارەکەیان دەکەین
سێپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بڕیاری مانەوە و پاراستنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بڕیارێکی سەربەخۆ و جەماوەریی ئەنجومەنی گەل و هێزەکانی ئاسایشە و هەسەدەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لەو ئیرادە مەدەنییە دەکات.
سێپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی (Nûmedya24) رایگەیاند، ئەنجومەنی گەلی شێخ مەقسوود و هێزەکانی ئاسایش بڕیاریان داوە لە گەڕەکەکانیاندا بمێننەوە و ئاسایشی ناوچەکە بە دەستی خۆیان دابین بکەن. ئێمە وەک فەرماندەیی هەسەدە، پشتگیری لەم بڕیارەیان دەکەن کە لەسەر بنەمای ئیرادەیەکی ئازاد دراوە.
سێپان حەمۆ وتیشی، بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە پێشتر لەگەڵ دیمەشق کرابوو، هێزەکانی هەسەدە لەو دوو گەڕەکەدا بونیان نییە. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، پاراستنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی دیمەشقیش پێشتر ئەمەی پەسەند کردبوو.
ئەندامەکەی فەرماندەیی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گەمارۆ و هێرشە قورسە سەربازییانەی کە بە تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە سەر گەڕەکەکان، پێشێلکردنێکی ڕوونی ڕێککەوتنەکەیە. جیهان شایەتی ئەوەیە کە گەلەکەمان و هێزەکانی ئاسایش لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەرگرییەکی بێوێنەیان کردوە و پاشەکشەیان نەکردوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سێپان حەمۆ داوای لە گەلی کورد و سەرجەم گەلانی سووریا کرد کە خوازیاری ئازادین، پشتیوانی لە خۆڕاگریی دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بکەن. حەمۆ جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە بە دەسپێشخەرییەکی ئازادانەی خودی شێخ مەقسوود دراوە. ئەمڕۆ ڕۆژی پاراستنی شەرەف و کەرامەتە و پێویستە هەموان لە دەوری ئەم بەرگرییە کۆببنەوە.
|