ئەوقافی سلێمانی لیژنەیەک لەسەر رووداوەکەی مزگەوتی بەختەوەری پێکدەهێنێت

16/01/2026
فۆتۆ: 

دوای رووداوەکەی ئەمڕۆی مزگەوتی بەختەوەری لە شاری سلێمانی، ئەوقافی سلێمانی هاتە دەنگ و رایگەیاند، "نابێت هیچ مامۆستایەکی وتاربێژ هێرش بکاتە سەر هیچ لایەنێک و لیژنەیەکی تایبەتمەندیش بۆگەیشتن بە دروستی بابەتەکە پێکدەهێنێت".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەی بەوەکردووە: ئەمڕۆ هەینی لەکاتی وتاری هەینی لە مزگەوتی بەختەوەری شاری سلێمانی، بەهۆی هەندێ بابەتی لابەلای دەرەوەی وتار، گفتوگۆیەک لەنێوان مامۆستای وتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتەکە دروست بووە و بووەتە هۆی نیگەرانی بەشێکی نوێژخوێنان.

بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف سێ خاڵە بۆ ڕای گشتی  دەخاتە روو کە بریتین لە:

یەکەم : بەپێی ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینی، هیچ مامۆستایەکی بەڕێزی وتارخوێن نابێت (ڕاستەوخۆ یان نا راستەوخۆ )هێرش بکاتە سەر هیچ کەس و لایەنێک لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا.

دووەم : تێکدانی کەشی وتارو بەشێکی نوێژ خوێنان لەناو وتار بەم شێوازەی لەبڵاوکراوەکاندا تۆمارکراوە، ئارامی مزگەوتەکان تێکدەدات، کە هیچ کەسێک ئاواتی بۆ ناخوازێت.

سێیەم : بریارماندا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند تاوەکو بگەینە دروستی بابەتەکەو لەکۆتایدا بەپێی یاساو ڕێنماییەکان مامەڵە دەکەین .