لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان: میدیاكاران دەزانن كێ نان و پیاز بە مافەكانیانەوە دەخوات و كێش بە بێ مەبەست و بە بێ بەرانبەر بەرگرییان لێدەكات

23/06/2026
فۆتۆ: 

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "هەر میدیاكارێك ئەندام بێت یان ئەندام نەبێت، بزانێت مافی خوراوە، یان پێشێلكاری و سوكایەتی بەرانبەر كراوە، هەنگاوی یەكەم دەبێت لەرۆژنامەنووسەكەوە دەست پێبكات و بەناوی ئاشكرای خۆیەوە لەنزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵایەك تۆمار بكات، پاشان تا بڕیاری كۆتایی دادگا، بەڕێوەبردن و هەموو وردەكاری و تێچووی كەیسەكە سەندیكا دەیدات و دەیبات بەڕێوە..".

دەقی ڕوونکردنەوەکە..

رونكردنەوەیەك لە لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانەوە
كاری پیشەیی و سەندیكایی لەچوارچێوەی یاساو رێساكاندا رێكخراوە، ئەركی سەندیكای رۆژنامەنووسانە لەم هەرێمەدا چاودێریی جێبەجێكردنی ئەم یاسایانە بكات، ئیشوكارەكانی وا رێكخراوە كە سەرجەم یاساكان شەرعیەتی پەرلەمانییان هەیەو نوێنەرانی میللەت لە پەرلەماندا دەنگیان پێداون، وەك شوێن و سەنتەرەكانی تر نیە تەنها بۆ بژێوی ژیانی چەند كەسانێك بەناوی میدیاوە قسە لەسەر پەروەردەو تەندروستی وكیمیاو فیزیاو سنورو چەك و تفاقیش بكەن..
میكانیزمی كاری سەندیكایی بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەكە لەژێر چەتری یاسای سەندیكاو پەیڕەوی ناوخۆی سەندیكاو دواتر یاسای رۆژنامەوانی لە ساڵی 2007 ەوە كاردەكات، ناشكرێت وەك سەندیكا هەر رۆژەو لەسەر پەتێك یاری بكەین بە بەیاننامەو بەلاغی سەربازی كە هەر قسەی روتەو قسەش ناچێتە گیرفانەوە پاشان ئەو نانە نانی حەرامە..
چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵێ سەرجەم كێشەكان لە رێگەی تۆماركردنی سكاڵاوە لە بنكەكانی پۆلیس بەرانبەر بە هەر پلەو پۆستێك دەجوڵێنرێن، ئەوسا دەچنە بەردەم هەردوو دادگای تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە سلێمانی، 
بەدەیان جار داوامان كردوەو رونكردنەوەمان داوە، هەر میدیاكارێك ئەندام بێت یان ئەندام نەبێت، بزانێت مافی خوراوە، یان پێشێلكاری و سوكایەتی بەرانبەر كراوە، هەنگاوی یەكەم دەبێت لەرۆژنامەنووسەكەوە دەست پێبكات و بەناوی ئاشكرای خۆیەوە لەنزیكترین بنكەی پۆلیس سكاڵایەك تۆمار بكات، پاشان تا بڕیاری كۆتایی دادگا،  بەڕێوەبردن و هەموو وردەكاری و تێچووی كەیسەكە سەندیكا دەیدات و دەیبات بەڕێوە..  ئەمە راستیەكە هەموو یاساناس و پارێزەرێك دەیزانێت، رێكاری یاسایی لەمە بەدەر نیە و بواری ئیجتیهاد و بیركردنەوەی تێدا نیە، ئێستا لەم ساتەدا بە سەدان كەیسمان لە سلێمانی هەیە و بەم شێوازە بەڕێوە دەچن، با میدیاكارانی خاوەن ئەو كەیسانە خۆیان شایەتی حاڵ بن.. بۆیە ئەم میدیاكارانە دەزانن كێ نان و پیاز بە مافەكانیانەوە دەخوات و كێش بە بێ مەبەست و بە بێ بەرانبەر بەرگرییان لێدەكات، بەڵام بەم رێكارە یاساییانەی كە باسكران..
هیوای سەرفرازی و سەلامەتی بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسان
لقی سلێمانی 
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان