قوباد تاڵەبانی: نابینە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پرۆسەیەکی گرنگ و مێژووییە و بە متمانە و ئومێدێکی زۆرەوە لێی دەڕوانین و خۆشحاڵم کە حکومەتی تورکیا و لایەنەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژە بەوەدەکات، "لە سەردانێکدا بۆ تورکیا بە ئامادەبوونی برای بەڕێزم دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بەڕێز هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووینەوە. ئامادەیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەربڕی و هیوامان خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە مایەی زیاتر پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و خوێندنی باڵا و گەشتوگوزاردا".
دەشڵێت، سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش جەختمان کردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان کە نەک نابینە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان بەڵکو بە هەموو تواناوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە. هەروەها لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمەوە روونمان کردەوە پێویستە لایەنەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نوێیەی لە ناوچەکە و عێراق و کوردستان هاتووەتە ئاراوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و یەکێتیش ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتێک لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە.
|