قوباد تاڵەبانی: هێزی پێشمەرگە وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی هاوڵاتییان

30/09/2026
فۆتۆ: 

قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە بۆ هاوڵاتییانی عێراق و بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بسەلمێنین کە دەتوانین پارێزگاری لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان بکەین، ئەم ئەرکەش بەبێ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور بەدی نایەت.

دەقی راگەیەندراوەکە..

لە رۆژی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان و کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە سوپاس و پێزانینەوە لە هەموو هاوکارییەکانیان دەڕوانین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و کوردستان. هەروەها لەم رۆژەدا یادی هەموو شەهیدانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان دەکەینەوە و سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرین.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە سێ قۆناغی گرنگ و چارەنووسسازی وەک راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە ساڵی ١٩٩١ بە تایبەت لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا، رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە دوای ساڵی ٢٠١٤ هەرگیز لەبیر ناکەین.
 
لە ئێستاشدا کشانەوەی هاوپەیمانان و گەڕانەوەی سەروەریی تەواو بۆ عێراق ساتەوەختێکی مێژوویی گرنگە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و هەموو هێزە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان و هەموومان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەداین. پێویستە بۆ هاوڵاتییانی عێراق و بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بسەلمێنین کە دەتوانین پارێزگاری لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان بکەین، ئەم ئەرکەش بەبێ هاوکاری و پێکەوەکارکردن لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەبێ جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستوور بەدی نایەت.
 وەک هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییداین. ئەرکە لەسەرمان بە یەکڕیزی و هاوبیری کاربکەین بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانییەکی باشتر و خزمەتگوزار و دادپەروەر. چونکە دواجار دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان تەنها بە پشتیوانی و بە متمانەی هاوڵاتییانمان دەپارێزرێت. 
 
لە کۆتاییدا هاوڵاتییانی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە، هاوکاری و هەماهەنگییەکی زۆرباش هەیە لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش لەوپەڕی ئامادەیی خۆیدایە و وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان و سەروماڵی هاوڵاتییان لە هەرچەشنە هەڕەشە و مەترسییەک گیانفیدایی بکات.