وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم نیگەرانە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رسوماتی گومرگی لەسەر مریشک و هێلکە
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم نیگەرانە لەوەی حکومەتی عێراق بەبێ ئەوەی هیچ پرسێک یان راوبۆچونیێکیان وەربگرێت بەشێوەی تاکلایەنە بڕیاری داوە باج و رسومات لەسەر هێلکە و مریشک لابدات
رزگار حەمە خزر، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حکومەتی فیدراڵ بڕیارەکەی بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بێ هیچ راوێژ و هەماهەنگییەکی پێشوەختە دەرکردووە، ئەمەش پێچەوانەی رێککەوتنە هاوبەشەکان و ستراتیژیمانە بۆ پاراستنی بەرھەمی نیشتمانی.
ئاماژەی بەوەشدا: لۆژیک و سیاسەتی ئابوری دروست دەیخواست رسومات و باج لەسەر پێداویستی و کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی تایبەت بە پڕۆژەکانی پەلەوەر و هێلکەی ناوخۆ لابرێت بۆ ئەوەی بواریان پێ بدرێت تواناکانی بەرهەمهێنانیان فراوان بکەن، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە؛ کە قەدەغەیەکی توندی خستەسەر هاوردەکردنی ھێلکە و رێگریی کرد لە ھێنانی مریشکی بەستوو لە دەرەوە لە رێگەی کاراکردنی رۆژژمێری کشتوکاڵییەوە، ئەمەش بووە ھۆی بووژانەوەی بازاڕی ناوخۆ.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی رونکردەوە: هەرێمی کوردستان سەبەتەیەکی خۆراکی ستراتیژی و سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ لە ناوەڕاست و باشوری عێراق ئەژمار دەکرێت.
|