تەقینەوەیەک لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان 217 برینداری لێکەوتەوە
ئیوارەی ئەمرۆ تانکیەکی گەورەی غازی کلۆر لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی چرداوڵی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقیەوە و برینداربوون و ژەهراویبونی 217 کەسی لێکەوتەوە.
ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئێران(ئێرنا) لە زاری محەمەد کەریمیان سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئیلامەوە بڵاویکردەوە کە 91 لە بریندارەکان لە رێگەی ئۆتۆمبیلی فریاکەوتنەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە ئیمام خومەینی کراون و 15 برینداریش ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام عەلی کراون.
وتیشی سەرجەم بریندارەکان و ئەوانەی ژەهراوی بوون، کاری پێویستیان بۆ کراوە لەنەخۆشخانەکانن و لە ژێر چاودێریدان
لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەشەوە سەرۆکی زانکۆی پزیشکی ئیلام ڕایگەیاندوە، تەقینەوەکە بەهۆی کەمتەرخەمی شۆفێری ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکەوە بووە کە ئەو تانکیە غازەی هەڵگرتووە.
هاوکات هەندێک لە میدیاکانی ئیلام و ئێران زانیاری ئەوەیان بڵاوکردەوە کە تانکیەکە کێشی زیاتر لە 800 کیلۆ گرام بووە و تەقینەوەکەش دەنگێکی گەورەی هەبووە.

|