ڤایرۆسێکی نوێ لەناو منداڵان بڵاوبووەتەوە و بەخێرایی دەگوازرێتەوە

  2023-03-10  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو پەتایەی کە ئێستا بەشێک لە منداڵان تووشی ئەبن کە بە هەڵامەت و چاو سووربوونەوەو هەندێکجار سکچوون و ڕشانەوەی لەگەڵدایە چیەو چارەسەرەکەی چیە؟

ئەو پەتایەی کە ئێستا بەشێک لە منداڵان تووشی ئەبن کە بە هەڵامەت و چاو سووربوونەوەو هەندێکجار سکچوون و ڕشانەوەی لەگەڵدایە چیەو چارەسەرەکەی چیە؟
پەتای ڤایرۆسی ئەدینۆ(Adeno virus)؛

ئەم پەتایە ڤایرۆسیە ، ئەکرێت منداڵان لەهەموو تەمەنە جیاوازەکان تووش ببن،چەندین زنجیرەی جیاوازی هەیە ، جیاواز لە پەتاکانی تر لەهەموو وەرزەکانی ساڵدا ئەگەری تووشبوونی هەیە.
ئەدینۆ ڤایرۆس لەوانەیە ببێتە هۆی ئەو نەخۆشیانە یان نیشانانە:
١-تا.
٢-نیشانەکانی هەڵامەت.
٣-چاو سووربوونەوە.
٤-دەنگ گڕبوون یان نووسان.
٥-هەوکردنی سیەکان.
٦-سکچوون و ڕشانەوە.
٧-هەوکردنی میزڵدان.
٨-هەندێکجار هەوکردنی مێشک یان پەردەی مێشک.
٩-بڕۆنکیۆلایتس کە لەلای دایکان و باوکان بە قەسەبات ناسراوە.
زۆربەی کات هەوکردنەکان سووکن بەڵام لەوانەیە منداڵ تووشی هەوکردنی قوڕسیش بکات.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەدینۆ:
نیشانەکان زیاتر پشت بە جۆری زنجیرەی ڤایرۆسەکە و ئەو ئەندانەی تووشی ئەکات ئەبەستێت.
زۆربەی کات نیشانەکانی لە شێوەی پەتای هەڵامەت ئەبێت وەکو تا،قوڕگ ئێشە،لووت تەڕی،لەگەڵ کۆکە بەڵام لەوانەیە نیشانە تریشی لەگەڵدا بێت وەکو
ئازاری چاوو سووربووبەوەی چاو
سکچوون
ڕشانەوە
ئازاری سک
زوو زوو میز کردن،ئازار لەکاتی میزدا،خوێن لەگەڵ میزدا
سەر ئێشە
ڤایرۆسی ئەدینۆ زۆر بە خێرایی ئەگواسترێتەوە بەتایبەت لە دایەنگاو خوێندنگاو نەخۆشخانە.
لەڕێگای کۆکەو پژمەو خواردنەوەی ئاوی پیس  یان مەلەکردن لە هاویندا لە ئاوی پیس بڵاو ئەبێتەوە.
زۆربەی کات پێویستی بە نەخۆشخانە یان بینینی پزیشک نابێت ،تەنها بە پشووی زۆرو خواردنەوەی بڕێکی باش ئاوو فێنک کردنەوە لەکاتی بوونی تادا یان پێدانی دەرمان بۆ دابەزاندنی تا  چارەسەر ئەبێت.
سووڕی ئەم ڤایرۆسە لەچەند ڕۆژێکەوە بۆ دوو هەفتە لەوانەیە بخایەنێت.
ئەگەر ئەم نیشانانەی هەبوو یەکسەر نیشانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵانی بدە:
١-تای زۆر بەرز یان تایەکەی بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
٢-کێشەی هەناسەدانی هەبوو یان هەناسەی بە ناڕەحەت بۆ ئەدرا.
٣-تەمەنی بچووکتر لە سێ مانگ یان کێشەی کەمی بەرگری لەشی هەبوو.
٤-ئازاری چاوو سووربوونەوە و کێشەی بینینی هەبوو.
٥-سکچوون و ڕشانەوەی  زۆر یان نیشانەی ووشک بوونەوەی هەبوو.

دکتۆر پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان وگەشەی منداڵان


ڕیکلام