لەبارەی خۆپارێزی لە "خۆربدرن" رێنمایی هاووڵاتیان دەکرێت

  2023-07-09  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی سلێمانی لەبارەی خۆپارێزی لە "خۆربدرن" رێنمایی هاووڵاتیان دەکات و دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، کێشە بۆ رێکخستنی هاوسەنگی پلەی گەرمی لەش دروست دەبێت، کە بە خۆربردن ناو دەبرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەو گەرمایەی لەگەڵ کەشوهەوای هاویندا پەیدا دەبێت، هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی لەش نەتوانێت پلەی گەرمی رێک بخات و کاتێک پلەی گەرمی لەش لە ٤٠ پلەی سەدی تێدەپەڕدەێت، تێکچوونێک لەمێشکدا ڕوودەدات کە پلەی گەرمی لەشی پێ کۆنترۆڵ ناکرێت و کاریگەری لەسەر سیستمی سووڕی خوێن و مێشک دەبێت.

دەشڵێت" بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەتایبەت لە وەرزی هاویدا، کێشە بۆ رێکخستنی هاوسەنگی پلەی گەرمی لەش دروست دەبێت، کە بە خۆربردن ناو دەبرێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە" هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە بریتین لە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بەرکەوتنی تیشکی رۆژ کارکردن و زۆر مانەوە لەبەردەم هەتاو".

تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو" نیشانەکانی خۆربردنیش بریتین لە: ئارەق کردنەوەی زۆر لەکەشوهەوای گەرمدا، سووربوونەوەی دەموچاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هەناسەدانی خێرا و گرژبوونی ماسولکەکان و سڕبوون، سەرگێژخواردن و سەرئێشە و بێهۆش بوون و وڕێنەکردن، هەستکردن بە تینوێتی زۆر و سکچوون".

ئاشکراشی کردووە" ئەو کەسەی تووشی خۆربردن دەبێت، ئەگەر وەک پێویست هاوکاری نەکرێت ئەوا دەبێتە هۆی وەستانی دڵ و مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت".

فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ خۆربردن:
* گواستنەوەی کەسی تووشبوو بۆ شوێنێکی سێبەر و پاڵخستنی لەسەر پشت و بەرزکردنەوەی قاچەکانی.
* کردنەوەی جلەکانی تووشبووەکە و سڕینەوەی دەم و چاو و دەستەکانی بەقوماشێکی تەڕوشێدار.
* باوەشێنکردنی و فێنکردنەوەی و پاشان گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە.

رێگاکانی خۆپاراستن لەخۆربردن:
- خواردنەوەی ٦ بۆ ٨ پەرداخ ئاو لەرۆژێکدا.
- پۆشینی جلوبەرگی سپی و گونجاو و لە لۆکە دروستکراو.
- دوورکەوتنەوە لەبەرکەوتنی درێژخایەنی خۆری سووتێنەر.
- بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.


ڕیکلام