ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەرێوەدەچێت

  2023-08-04  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت ٢٣ بەرهەمهێنەری گەورەی نەوتی جیهان ئاستی خستنەڕووی نەوت بە جێگیری بهێڵنەوە.

ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوە دەچێت، بەو جۆرەی کە لە دواین کۆبوونەوە لە چواری مانگی شەش بڕیاری لێدرابوو، کاتێک هاوپەیمانێتییەکە بڕیاریاندا خۆویستانە لە پێناو راگرتنی هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو بڕی بەرهەم‌هێنان بۆ ٤٠.٤٦ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تا سەرەتای ساڵی داهاتوو کەمبکەنەوە و بڕیاری دواتریشیان لەئەگەری هەر گۆڕانکارییەکیدا بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەجێهێشت.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک بە سەرکردایەتیی سعودیە و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە بە سەرکردایەتیی رووسیا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گرووپی ٧ وڵاتی پیشەسازیی گەورەی جیھان رۆژی هەینی بڕیاریاندا ئاستێکی دیاریکراو بۆ نرخی نەوتی رووسیا دەستنیشان بکەن و بڕیاریان دا رێگە لە فرۆشتنی نەوتی رووسیا بە نرخێکی سەرووی ٦٠ دۆلار نەدەن.

بۆ کۆبوونەوەی چواری مانگی ئابیش ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی ناو هاوپەیمانییەکەوە رایگەیاندووە، پێشبینی ناکرێت هیچ بڕێکی دیکە بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە و وڵاتانی ئەندام پێیان وایە بازاڕ بەم جۆرە لە بەرژەوەندی ئەواندایە.


ڕیکلام