چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ خۆپاراستن لە پەتای سکچوون و ڕشانەوە

  2023-08-28  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
د.پروشە شوان پزیشکی گشتی و پسپۆڕی خۆراک و کێش باس لەچەند ڕێنماییەک دەکات بۆ خۆپاراستنی هاوڵاتیان لەسکچوون و ڕشانەوە بەتایبەت کەلەم وەزرەدا پەتایەکی سکچوون و ڕشانەوە بڵاوبۆتەوە.

ئەو پزیشکە دەڵێت پەتای توندی سکچوون و ڕشانەوە بڕێکی زۆر شلەمەنی و کانزا لەجەستە دەکاتە دەرەوە و زۆر گرنگە قەرەبووی لەدەستدانی شلەمەنی و کانزاکان بکرێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لەووشکبوونەوە، دەبێت هەموو شلەمەنیە سروشتیەکان و میوە و سەوزەکان لەخواردنەکان جێبکرێنەوە.

ڕێنمایی کاتی تووشبوون بەسکچوون و ڕشانەوە:

- ئەو خواردنانەی لەکاتی توشبوون بەپەتای سکچوون و ڕشانەوە بەکاردەهێنرێت دەبێت ئاسان بێت بۆ هەرسکردن و سووک بێت لەسەر گەدە لەگەڵ دوورکەوتنەوە لەبەکارهێنانی ڕۆنی ناتەندروست و بەهاراتی تیژ و زیادە.

- پێویستە ژەمەکان لەشێوەی شۆربای مریشک بێ زیادکردنی زەیت یان شۆربای سەوزەواتی کوڵاو و نەعنا یان نیسک یان برنجی نەرمکراوی بێ ڕۆن بێت. 

- ڕۆژانە نەخۆش پێویستی بەدوو لیتر یان زیاتر ئاو هەیە بەپەرداخ یان هەندێک حاڵەت قوم قوم بخورێتەوە، پێویستە ئاگاداربین  زۆر خواردنی شلەمەنی و ئاو زۆر بەسەریەکەوە و لەیەک کاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشەکە هەست بەدڵتێکهەڵاتن یان ڕشانەوەی زۆر بکات.

- ئەوەی گرنگە لەکاتی سکچوون و ڕشانەوە ئەو خۆراکانەیە بەکاربهێنرێت کە بەپۆتاسیۆم دەوڵەمەندن گرنگترینیان: ئەڤۆگادۆ، شووتی، قەیسی، هەنار، پرتەقاڵ، مۆز، تەماتە، سپێناخ، خەیار، پەتاتە، چەوەندەر ، نیسک، و ماسی.
- یەکێک لەو گیراوە گرنگانەی بۆ ئەم پەتایە دەتوانرێت لەسەرەتای نەخۆشیەکە سوودی لێببینرێت پەرداخێک ئاوی شلەتێنە لەگەڵ نیو لیمۆی  گوشراو و کەوچکێک هەنگوینی سروشتی، کەوچکێکی چا لەخوێ.

- ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بەزووترین کات سەردانی نەخۆشخانە یان پزیشکەکەیان بکەن، چونکە نەخۆشانی شەکرە زیاتر و زووتر لە کەسانی تر ووشکدەبنەوە لەحاڵەتی سکچوون و ڕشانەوە.

- کاتێک سکچون و ڕشانەوە لەنەخۆشەکە زیاد دەکات و ئاوی لەش زۆر کەم دەبێتەوە و توشی ووشکبونەوە دەبێت، پێویستە سەردانی نەخۆشخانە و پزیشک بکات بۆ چارەسەری کتوپڕی قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانی شلە و خوێ و کانزاکان.

د.پروشە شوان باس لەوەدەکات بەگشتی سکچوون و ڕشانەوە ئەگەری وشکبوونەوەی زۆرە لەزۆرینەی حاڵەتەکان، بەڵام هەندێک کەس وەک منداڵ و کەسانی بەتەمەن و تووشبووانی نەخۆشیە درێژخایەنەکان و بەکار‌هێنەرانی هەندێک دەرمان و ئەو کەسانەی کاری قورس و کارلەبەر خۆردا دەکەن دەبێت زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن و بەزوترین کات سەردانی پزیشک بکەن لە کاتی زیادبوونی نیشانەکان.

ئەو پزیشکە ڕایدەگەیەنێت لەکاتی پەتای سکچوون و ڕشانەوە و کۆلێرا پێویستە هاوڵاتیان ڕێوشوێنی خۆپارێزی و پاکو خاوێنی بگرنەبەر:

* لەحاڵەتەکانی کەمترین گومان لەیسبوونی ئاو دەبێت پێش بەکارهێنانی بکوڵێنرێت بۆ مەبەستی خواردنەوە و چێشت لێنان.
* پێویستە هەموو خۆراکەکان داپۆشراو بن و سەوزە و میوەکان پێش خواردنیان زۆر بەباشی بشۆرێتەوە و پاکبکرێتەوە بەدانانی بۆ ماوەیەک لەناو خوێ یان سرکە یان گیراوەی تایبەت.
* دڵنیابوونەوە لەوەی ئەو خۆراکەی بەکاری دەهێنیت لەسەرچاوەیەکی پاک و بەئاوی پاک بەرهەم هێنراوە.
* دوورکەوتنەوە لەخواردنی ساردەمەنیەکان و ئەو شەربەتە دروستکراوانەی پاکوخاوێنی و ئاوی بەکارھاتوو و کەرەستەکانی جێی دڵنیایی نیە.
* دوورکەوتنەوە لەهەموو سەوزە نەکوڵاوەکان یان مامەڵەکردن لەگەڵ خواردنە نەشۆردراوەکان.
*  دەستشووشتنی باش بەتایبەتی پێش نان خواردن و دوای بەکار‌هێنانی توالێت و خۆ بەدوورگرتن لەهەموو بەرکەوتنەکان لەگەڵ کەسانی نەخۆش.


ڕیکلام