مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا: حکومەتی ھەرێم ئیفلیج بووە،قەوارەی ھەرێم مەترسی ھەرەسھێنانی لەسەرە

  2023-09-12  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەسرور بارزانی نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات و داوای بەهاناوەچون دەکات بۆ دۆخی هەرێم

پێگەی  "ئەلمۆنیتەر" ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، رۆژی سێی ئەیلول مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نامەیەکی ئاڕاستەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە و تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد .

لە نامەکەدا سەرۆکی حکومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەداوە، حکومەتی ھەرێم لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە ئیفلیج بووە و ھەڵمەتێک لە دژی بەرپاکراوە، ئەوەش مەترسی ھەرەسھێنانی لەسەر قەوارەی ھەرێمی کوردستان دروستکردووە.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە، بە زووترین کات دەستێوەردان لە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد بکات و کێشەکان چارەسەربکات، چونکە وەک لەنامەکەدا ئاماژەی پێکردووە کێشەکانی ئێستا وەرچەرخانێکی مێژوییە و رەنگە نەتوانن بەسەردا زاڵببن.

بارزانی لە نامەکەدا نوسیویەتی:"ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە خوێنمان لێدەچێت و لە ڕووی سیاسییەوە خوێنمان لێدەچێت، بۆ یەکەمجار لە ماوەی سەرۆک وەزیرانمدا، نیگەرانییەکی گەورەم هەیە کە ئەم هەڵمەتە دژی ئێمە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

سایتی ئەلمۆنیتەر ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردوە، تا ئێستا کۆشکی سپی ئەمریکا وەڵامی نامەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی نەداوەتەوە.


ڕیکلام