مانگی ڕابردوو عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە

  2023-12-03  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەمانگی ڕابردوودا عێراق زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەمریکا کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی كانوونی یه‌كه‌می 2023، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ئەمریکا پێنج ملیۆن و 130 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێكڕای رۆژانەی هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە نزیکەی 171 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونیکردەوە، لە مانگی تشرینی دووەمدا داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە 8.5 ملیار دۆلار زیاتر بووە.

ئەوەش خراوەتە روو، بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، هاوردەکردنی نەوت لە عێراقەوە کەمی کردووە، بەوپێیەی لەو مانگەدا ئەمریکا حەوت ملیۆن و 322 هەزار بەرمیل نەوت و بە تێکڕا رۆژانە 236 هەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە هاوردە کردووە.

باس لەوەش کراوە، عێراق لە هەفتەی یەکەمی مانگی تشرینی دووەمدا بە تێکڕا 187 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە هەفتەی دووەمدا بە 283 هەزار بەرمیل، لە هەفتەی سێیەمدا 36 هەزار بەرمیل و لە هەفتەی چوارەمدا 178 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.


ڕیکلام