لە سەدا ٦٩.٤% کۆی دانیشتوانی عێراق سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن

  2024-02-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەنتەری میدیای ئەلیکترۆنی DMC رایگەیاند: بەکارهێنەرانی پێگە جیاوازەکانی سۆشیال میدیا لە عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، گەیشتووەتە ٣١ ملیۆن و ٩٥ هەزار کەس کە دەکاتە لە سەدا ٦٩.٤% کۆی دانیشتوانی عێراق.

ئەم ئامارە نوێیە،‌ لە رۆژی ٢٣ شوباتی ئەم ساڵدا بڵاوبووەتە، روونیکردووەتەوە ژمارەی بەکارهێنەران بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی پار، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

ژمارەی بەکارهێنەرانی تیک تۆک گەشتووەتە ٣١ ملیۆن و ٩٥ هەزار کەس، بەراورد بە ساڵی رابردوو کە ژمارەکەی ٢٣ ملیۆن و ٨٨٠ کەس بووە، زیادبوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.

ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبوک بووە بە ١٩ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس، ئەمە لە کاتێکدایە بەکارهێنەرانی ساڵی پار، ١٧ ملیۆن و ٩٥ هەزار کەس بوون.

بەکارهێنەرانی یوتوب بووە بە ٢٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس، لە ساڵی رابردوودا ٢٤ ملیۆن و ٣٠ هەزار کەس بوو.

ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینستیگرام بووە بە ١٨ ملیۆن و ٢٥ هەزار، لە کاتێکدا لە ساڵی پاردا ١٤ ملیۆن کەس بوو.

ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبوک ماسنجەر بووە بە ١٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار، کەچی ساڵی پار ژمارەی بەکارهێنانی ١٥ ملیۆن و ١٠هەزار کەس بوو.

بەکارهێنەرانی سناپ چات بووە بە ١٧ ملیۆن و ٧٤٠ هەزار کەس، بەڵام ساڵی پار ژمارەی بەکارهێنەرانی ١٦ ملیۆن و ١٠هەزار کەس بووە.

ژمارەی ئێکس بەکارهێنەرانی بووە بە دوو ملیۆن و ٥٥٠ هەزار کەس، ساڵی پار ژمارەی بەکارهێنەرانی  دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس بووە.


ڕیکلام