رێباز حەملان: لیستی مووچە، لیستێکی خاوێنە و ووردبینی تێداکراوە

  2024-03-04  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچە خاوێنە و وردبینی تێداکراوە، لەبارەی دابەشکردنی مووچەوە رێباز حەملان ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، "حکومەتی هەرێم شەو و رۆژ هەوڵ دەدات کێشەی مووچە چارەسەربکرێت".

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی دوێنێ لەبەغداد هاتبوون پارەیان نەهێنابوو، بەڵکو بە بەتاڵی هاتبوون تاوەکو ئەو پارەیەی لەلقی بانکی ناوەندی عێراق لەهەولێر هەیە بیگوازنەوە بۆ بەغداد، چونکە پارەیەکی زۆری کاش لە لقی بانکی ناوەندی عێراق لەهەولێر هەیە.

دەشڵێت، دابەشنەکردنی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو عێراق هۆکارە، چونکە نە ڕێگا دەدات نەوت بفرۆشین، نە پارەش دابیندەکات بۆ مووچە.

باسی لەوەشکرد، تائێستا لەسەر ووردەکارییەکانی بڕیاری دادگا و بەئەلیکترۆنیکردنی مووچە دانەنیشتووین، بەڵام پەیوەندی بەردەوام لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیران هەیە.

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران جەختلەوەدەکاتەوە، ، حکومەتی هەرێم شەو و رۆژ هەوڵ دەدات کێشەی مووچە چارەسەربکرێت و لە کێشە سیاسیەکان دووربخرێتەوە، مووچەخۆرانیش دڵنیا دەکەینەوە لەدابینکردنی مافەکانیان.

لەبارەی مەترسیەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان رێباز حەملان پێی وایە، "هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، پێشتریش چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندوە، ویستویانە هەرێم بخنکێنن نەیانتوانیوە".


ڕیکلام