بزووتنەوەی گۆڕان: لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە

  2024-03-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بۆئەوەی داکۆکی لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکەین.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی ئادار، بزووتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لەپێناو پرۆسەی دیموکراسی، گەڕانەوە بۆ دەنگ و ئیرادەی هاونیشتمانیان، رەوایەتیدان بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ پێویستیان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە.

ئاماژە بەوەشکراوە، باشترین بژاردە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە، بە بەشداریی و لێکتێگەیشتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنێک وەڵامگۆی پێداویستیە نیشتمانی، قانونی، دامەزراوەیی و بەپیرەوەچوونی ژیان و گوزەران و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەڕێگەی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی کوردستانەوە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوریەکانی هەرێم بکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە ١٨ی ئادار، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکە، کۆبونەوەیەکی سازکرد و لە راگەیەندراوی کۆبونەوەکەدا پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند.


ڕیکلام