مەکتەبی سیاسی یەکێتی: پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت

  2024-03-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکەش مەکتەبی سیاسی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە: "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت".

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی 

بەسەرپەرشتی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی مەکتەبی سیاسیی کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکاری یەکێتیی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی ١٠-٦-٢٠٢٤ لە هەرێم بکرێت.

کۆبوونەوەکە  پێداگری کردەوە لەسەر پێویستی بەپەلە دابەشکردنی مووچە وەک ئەولەویەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی کە ئەمرۆ (١٩-٣-٢٠٢٤) لە دەباشان بەرێوەچوو وێرای وەبیرهێنانەوەی ئامادەیی لەمێژینەی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردن، تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕیشی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنهاو تەنها  رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا.

کۆبوونەوە  پێی وایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی  خۆیدا، بەهەر بیانووییەکەوە بێت، پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە. تەئکیدیشی کردەوە  پاراستنی قەوارەکەمان  لە هەڕەشە و مەترسی،  تەنها لەرێی گەڕانەوە  بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی  نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک.

کۆبوونەوەکەی  مەکتەبی سیاسیی هەڵوەستەی  لەئاستی ئەو راستیەشدا  کرد کە ئەزموونی  زیاتر لە سێ دەیەی  کوردستانی ئازاد بە  قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت، بەو جۆرەی رێز و متمانەی خۆی لای کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پتەوتر بکات کە پشتیوانی لە ئەزموونێک دەکات ئازاد و دیموکرات و شەرعی بێت.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

١٩-٣-٢٠٢٤


ڕیکلام