سودانی: کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەركراوە

  2024-03-25  | 
دۆسیە:  موچە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، بەگوێرەی راگەیەندراوی فراکسیۆنی یەکێتی، "سودانی وتوویەتی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەركراوە و هەنگاوەكانیش بۆ تەوتینی مووچە روو لە چارەسەرە"

دەقی ڕاگەیەدراوی کۆبوونەوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆک وەزیرانی عێراق...

فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی وەزیرانی دادو ژینگە، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە. 

لەکۆبونەوەکەدا کە لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەچوو، فراکسیۆنی یەکێتی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بەژیانی خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکانی ئاراستەی سەرۆک وەزیران کرد. 
لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال و خەباتی بۆ هێنانەدی ئازادی لەعێراق و بنیادنانەوەی وڵاتەکە و قووڵکردنەوەی تەبایی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان کرد. 
راشیگەیاند یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حکومەتی ئێستای عێراقە و هەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە جێگای رێزە و درێژکراوەی سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە. 
هەروەک بەوردی سەرۆک وەزیران کارو هەنگاوەکانی حکومەتەکەی خستەروو، بەتایبەتی ئەو پرس و کێشانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، کە هەنگاوی دڵخۆشکەری نێردراون.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی یەکێتی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ حکومەتەکەی  سودانی دووپاتکردەوە، بەتایبەت لەچارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی خەڵک.
لەبەشێکی کۆبونەوەکەدا، سەبارەت بە قەیرانی موچە، فراکسیۆنی یەکێتی، وێرای سوپاسکردنی سەرۆک وەزیران بۆ پەرۆشیان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە، داوای کرد پەلە بکرێ لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی تر بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی نەهامەتیەکی گەورە کردۆتەوە.
 هەروەک داواشی کرد، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێ، لەبەرامبەردا  سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچە بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیاییدا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنیەکان چارەسەرکراوەو هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی روو لەچارەسەرن. 
سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوێستی یەکێتی دووپاتکردەوە، کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. لەبەرامبەریشدا سەرۆک وەزیران روونیکردەوە،  حکومەتەکەی ئەرکی لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووەو لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. 
هەر لە کۆبونەوەکەدا، فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لە تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کردەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێتی کەرکوک، ستایشی رۆڵی سەرۆک وەزیرانیان کرد، بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی پارێزگاکە بەئاراستەی سازان. 
سەبارەت بە سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان، فراکسیۆنی یەکێتی داوای کرد، حکومەتی ئیتحادی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا لەرێگای کەناڵە دیپلۆماتیەکانەوە چارەسەری بکات.
هەروەها داواکرا سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە بەرێز سەرۆک وەزیران رایگەیاند لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن. 
لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا سەرۆک وەزیران گوێیبیستی ئەو داواکارییانە بوو، کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی یەوە خرانەروو، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک و ناوچەکانی تری کوردستان و دوکاندارو کاسبکارانی بازاڕی لەنگەی هەولێرو گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی ئیتحادی و داننان بە زانکۆی گەرمیان و چەرموو بو راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیتحادی و راگرتنی پرۆژەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و خورماتوو، هەروەها پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ و دامەزراندنی سەندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو گرنگیدان بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تاوانی ئەنفال و کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە قەڵادزێ و داواکاری ڕەوای ناوچەکانی شەنگال و خوشک و برایانی يێزیدی و مەخمور و ژمارەیەک داخوازی تر. 
سەرۆک وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان فراکسیۆنی یەکێتی و نووسینگەی سەرۆک وەزیران بەپەلە پێکبهێنرێ بۆ جیاکردنەوەو جێبەجێکردنی داواکارییەکان، کە بەشێوەی نوسراوی رەسمی ئاراستەکراون.


ڕیکلام