سەرچاوەیەكی یەكێتی: لە هەولێر دەست بەسەر مووچەدا گیراوە نەك لە سلێمانی

  2024-03-25  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاند، لەکاتێکدا له‌هه‌ولێر ده‌ستبه‌سه‌ر مووچه‌دا گیراوه‌ و له‌سلێمانی خۆپیشاندان ده‌كرێت هاوکات یه‌كێتی سیاسه‌تێكی نه‌گۆڕی هه‌یه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌ ره‌واكانی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

سەرچاوەیەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە میدیای حزبەكەی راگەیاند، لە كاتێكدا كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم و لە حكومەتی عێراق زۆر بە راشكاوانە و خەمخۆرانە، هەوڵە بەردەوامەكانیان چڕكردووتەوە بۆ ئەوەی مووچە دەست بەسەرداگیراوەكەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكرێت و چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدۆزنەوە، دوا هەوڵیش كۆبوونەوەی دوێنێی فراكسیۆن و تیمی یەكێتی بوو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق بە داخەوە ئەمڕۆ لایەنێكی سیاسی لە شاری سلێمانی بەسوود وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و لەرێی كادیرانی خۆیانەوە هەوڵەكانی خۆیان بۆ بەلارێدابردن و شێواندنی راستییەكان خستووتەگەڕ.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بە هەموو خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین كە لەگەڵ ئەوەی یەكێتی سیاسەتێكی نەگۆڕی هەیە بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، دەمانەوێت ئەو راستییەش بڵێین كە لە هەولێری پایتەخت و لایەن تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم دەست بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گیراوە، نەك لە سلێمانی، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەكان شانبەشانی فەرمانبەران و مامۆستایان گوشارە هاوبەشەكان لەسەر تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم دروستبكەن بۆ ئەوەی لە هەولێر بڕیار لەسەر دابەشكردنی مووچە بدرێت. 

جەختیشدەكەنەوە, هەر لایەنێك بیەوێت سیناریۆیەكی دیكە دروستبكات بەدڵنیاییەوە بۆ بەلارێدابردنی راستییەكانە و خزمەت بەولایەنە دەگەیەنێت كە بۆ مەرامێكی سیاسی دەستی بەسەر مووچەی فەرمانبەراندا گرتووە.


ڕیکلام