ئەندامێکی کوتلەی عەرەبیی: سودانی نەیتوانی کێشەکانی کەرکوک چارەسەر بکات

  2024-03-26  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی کوتلەی عەرەبیی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاندوە: دۆخی کەرکوک هێشتا ئاڵۆزەو دەستپێشخەرییەکانی محەمەد شیاع سودانی نەبۆتە هۆی چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

محەمەد ئیبراهیم ئەندامی کوتلەی عەرەبیی ڕاگەیاند: هەموو لایەن‌و پێکهاتەکان لەسەر هەڵوێستی خۆیان سورن، بەشێوەیەک پێکهاتەی کوردی جەخت لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەکەنەوەو دەڵێن ئەوان زۆرینەن، بەڵام ناتوانن لەڕێگای دەنگدان لەناو ئەنجومەنی پارێزگار پۆستەکە بەدەستبهێنن، بەوپێیەی نۆ کورسییان پێ کۆناکرێتەوە.

هەروەک وتویەتی: بەرژەوەندیی کەرکوک لەوەدایە پارێزگاری ئێستا لەپۆستەکەیەدا بمێنێتەوە لەپێناو سەقامگیریی‌و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوارییەکان، هەروەک پێکهاتەکانی تریش بەشداریی لەپۆستە سەرەکییەکانی تردا بکەن.

ئاشکراشیکردوە، کۆبونەوەی دیکەش هەن کە لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکومەتدا ئەنجامدەدرێن بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان‌و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە، کە دەبێت بەخێرایی یەکلایی بکرێنەوە، چونکە ئەو دۆخەی ماوەتەوە بەبێ پێکهێنانی حکومەت لەبەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.
 


ڕیکلام