کۆمسیۆن: زۆربەی حزب و هاوپەیمانێتییەکان کاندیدیان بۆ هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە

  2024-03-26  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەنھا دوو رۆژ ماوە بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدە سەربەخۆکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تا ئێستا ٣٦ کاندید ناویان تۆمار کردوە.

عیماد جەمیل سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق راگەیاند: هەتا ئێستا تەنها ٣٦ کاندیدی سەربەخۆ ناویان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە و کۆتا وادەش بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدان رۆژی پێنج شەممە ٢٨-٣-٢٠٢٤ یەو درێژناکرێتەوە.

 
بەپێی ئەو ئامارانەی هەتا ئێستا لەبەردەستدایە لە هەولێر ١١ کاندید و لە سلێمانی ١٣ کاندید و لە دهۆکیش ١٢ کاندید خۆیان تۆمار کردووەو هاوکات تەنها ٢ حزب لە دهۆک و سلێمانی کاندیدانیان پێشکەش کردووەو ٣ هاوپەیمانێتیش لە سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە"، عیماد جەمیل وای وت.

 
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ پلانێک نییە بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەر حزب و لایەنێکیش بایکۆتی پرۆسەکە بکات کاریگەری لەسەر پرۆسەکە دروست ناکات.
 

وتیشی: "تیمەکانی کۆمسیۆن بەردەوامن لە کارکردن و ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا کە ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵە".

 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێکڕا ٢٠ حزب و ٢ هاوپەیمانێتی و ٦٢ کاندیدی سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە تۆمارکراون، کە لەبازنەکانی هەڵبژاردن بەشداردەبن، بەکۆی گشتیش لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار و ٣٦٠ دەنگدەر هەن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٢ ملیۆن ٩٠٠ هەزار دەنگدەر ناوی خۆیان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە و ئامادەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن.


ڕیکلام