لە ئەمڕۆوە فەرمانگەو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم دەستدەکەن بەئامادەکاریی لیستی موچەی مانگی سێ بەپلە بەرزکردنەوەوە و هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدای دەکەن.
دوێنێ چوارشەممە سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی میلاکاتی وەزارەت، دەستەکانی حکومەتی هەرێمو بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی بۆ قسەکردنو پێدانی زانیاریی لەبارەی چۆنیەتی ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی ئادار (سێ)ی فەرمانبەران بەپلە بەرزکردنەوەوە کۆبونەتەوە و لەئەمڕۆ پێنجشەممەوە، دەستدەکەن بەئامادەکاریی ئەو لیستە.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی داراییو ئابوریی هەرێمی ڕاسپاردوە دەستبکەن بەدابەشکردنی موچەی مانگی دوو و ئامادەکاریش بکەن بۆ دابینکردنی موچەی مانگی سێو مانگەکانی داهاتوش، وتیشی، "ئێمە حکومەتی فیدراڵیی دەخەینەبەر بەرپرسیارتییەکی دەستورییو ئەخلاقی تاکو ئەو بەڵێنەی بەئێمەیانداوە بۆ دابینکردنی موچەکان جێبەجێبکەن".
هەر دوێنێش ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشکرایکرد، وردبینیی لەکۆدی هێزەکانی پێشمەرگەو کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن چاودێریی دارایی هەرێمەوە تەواوکراوەو ڕەوانەی بەغدا.